خانمە مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین دو بەرهەم بۆ خزمەتکردنی مناڵانی ئۆتیزم دەنوسێت
2026/09/26 , بینین : 40


* نەوژین

مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین، دو بەرهەمی نوێی لەبارەی ئۆتیزمەوە بڵاو کردەوە؛ کە پێکهاتون لە کتێبێک و دەفتەرێکی تایبەتی پلاندانان بۆ دایک و باوکان، بە ئامانجی ئاسانکردنی پرۆسەی راهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم مناڵانەدا.

رێناس بابەکر، کە هاوکات خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە پەروەردەی تایبەت و خاوەنی چەند توێژینەوەیەکە لەسەر مناڵانی ئۆتیزم، یەکەمین بەرهەمی لە شێوەی کتێبێکدا بە ناوی "ئۆتیزم لە دەستنیشانکردنەوە بۆ پلانی رێگەچارەسەر و راهێنان" خستوەتە رو. لەبارەیەوە بە نەوژینی راگەیاند: کتێبەکە وەک رێبەرێک هەنگاو بە هەنگاو چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی ئۆتیزم و دانانی پلانی چارەسەر بۆ مناڵەکە رون دەکاتەوە.

بەرهەمی دوەمی ئەم توێژەرە، دەفتەرێکی تایبەتە بە پلانی رۆژانە و مانگانە، کە یارمەتیی دایکان و باوکان دەدات کات و چالاکییەکانی مناڵەکانیان بە شێوازێکی زانستی رێکبخەن و چاودێریی گەشەیان بکەن، رێناس دەڵێت: "حەزم لەم بوارەیە بۆیە دەمەوێت کاری لەسەر بکەم و دەمەوێت کۆمەڵگە بە رەفتارەکانی مناڵانی ئۆتیزم ئاشنا بکەم".

سەبارەت بە گرنگیی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەمبارەیەوە، رێناس بابەکر دەڵێت: تاوەکو چەند ساڵی رابردوش خەڵک لەبارەی ئۆتیزمەوە شارەزایی نەبو، ئێستا خێزانەکان پێی ئاشنان، بەڵام هێشتا بە کەمی شارەزایی هەیە لە چۆنیەتیی باشترکردنی دۆخیان، کە باشترینیان ئەوەیە لەڕێگەی راهێنانکردنەوە فێریان بکەین چی بکەن، چۆن بکەن و چۆن تێکەڵی کۆمەڵگە ببن.

ئەم مامۆستایە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دایک و باوکان نابێت تەنها بە قسەی پزیشکێک یان کۆمەڵێک رەفتاری مناڵەکە بڕیار بدەن کە توشبوی ئۆتیزمە، بەڵکو دەبێت لیژنەی پزیشکی ئەو بڕیارە بدات، لەمبارەیەشەوە رێناس لە کتێبەکەیدا کۆمەڵێک پێشنیاری خستوەتەڕو: 

یەکەم؛ گرنگە لیژنەی پزیشکیی تایبەت بە ئۆتیزم لە سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکانیش هەبێت، چونکە لە ئێستادا تەنها لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک هەیە، ئەمەش بارگرانییە بۆ دایک و باوکانی قەزا و ناحیەکان کە دەبێت روبەڕوی قەرەباڵغی و زەحمەتیی هاتوچۆ ببنەوە.

دوەم؛ لە سەرجەم خوێندنگەکاندا مامۆستای پەروەردەی تایبەت هەبێت وەک چۆن توێژەری دەرونی هەیە، بۆ هاوکاریکردنی مناڵانی ئۆتیزم.

زۆرترین بینراوەکان