پارێزەرێک: تا نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یاسادا زاڵ بن، توندوتیژی دژ بە ژنان کۆتایی نایەت
ھەواڵ
2026/11/12 , بینین : 20


* نەوژین

پارێزەر؛ بەیان مەهدی، لەبارەی هۆکارەکانی بەردەوامبون و هەڵکشانی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان، باسلەوە دەکات کە تاوەکو نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یاسادا زاڵ بن، توندوتیژی کۆتایی نایەت، دەشڵێت: توندوتیژی لە شەقامەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە شێوازی پەروەردەی خێزانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەو پارێزەرە پێی وایە بەردەوامی توندوتیژی دەرەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی، یاسایی، ئابوری و تەکنەلۆژییە؛ دەڵێت: "هێشتا لە کۆمەڵگەدا بیرکردنەوەیەک زاڵە کە پیاو بە خاوەن بڕیار و دەسەڵات دەبینێت و پەروەردەی خێزانیش زەبروزەنگ وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن ئاسایی دەکاتەوە".

سەبارەت بە بەرزبونەوەی ئامارە فەرمییەکان، بەیان مەهدی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە تەنها بە واتای زیادبونی روداوەکان نایەت، بەڵکو بەهۆی بەرزبونەوەی هۆشیاری و بونی سەنتەرەکانی داڵدەدانەوە، ژنان بوێرانەتر دەنگ هەڵدەبڕن و سکاڵا تۆمار دەکەن، لە کاتێکدا پێشتر توندوتیژی لە پشت دەرگا داخراوەکاندا دەشاردرایەوە؛ لە پاڵ ئەمەشدا، قەیرانە ئابورییەکان، بێکاری و فشارە دەرونییەکانی سەر خێزان، ژنانی کردوەتە قوربانی یەکەمی توڕەیی و نائارامییەکان.

توندوتیژیی دیجیتاڵی بەشێکی دیکەیە لە مەترسییە نوێیەکان؛ بەیان مەهدی هۆشداری دەدات کە "هەڕەشەی ئەلیکترۆنی سنوری ماڵی تێپەڕاندوە و ٢٤ کاتژمێر لەناو مۆبایلی ژناندایە، زۆرجاریش لە شاشەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ واقیع و دەبێتە هۆی کوشتن یان ناچارکردنی قوربانییەکە بە خۆکوشتن، بەبێ ئەوەی رێکارە یاساییەکان بۆ دۆزینەوەی تاوانباران خێرایی پێویستیان هەبێت".

لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی توندوتیژی و رۆڵی خێزانەوە، ئەو پارێزەرە دەڵێت: "زۆرینەی بکەران بە عەقڵیەتێک پەروەردە کراون کە ژن بە موڵکی خۆیان دەزانن و توندوتیژی بۆ سەپاندنی هێز بەکاردەهێنن. توندوتیژی لە شەقامەوە دەست پێناکات، بەڵکو کاتێک مناڵ توندوتیژیی باوک بەرامبەر دایک دەبینێت و کاتێک خێزان بە کچەکانیان دەڵێن سەبر بگرە و لەبەر قسەی خەڵک تەحەمول بکە، شەرعییەت دەدەن بە مانەوەی توندوتیژی".

بە بڕوای بەیان مەهدی، هەرچەندە حکومەت شێڵتەری کردوەتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەدواداچون دەکەن، بەڵام نەبونی پلانی ستراتیژیی پەروەردەیی و ئابوری، هەروەها بێ متمانەیی بەشێک لە خەڵک بە رێکخراوەکانی ژنان، وایکردوە رۆڵی دامەزراوەکان سنوردار بێت.

لەبارەی بێ کاریگەریی سزاکانی دادگاشەوە، ئەو پارێزەرە هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ زاڵبونی سوڵحی عەشایەری و ناچارکردنی ژنان بە پاشگەزبونەوە لە سکاڵا، لەگەڵ سوکی سزاکان و درێژەکێشانی ماوەی دادگاییکردن؛ جەختیش دەکاتەوە کە کەمکردنەوەی توندوتیژی پێویستی بە سەروەربونی توندی یاسا، بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابوری ژنان و گۆڕینی سیستەمی پەروەردە هەیە.

زۆرترین بینراوەکان