* نەوژین
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پارلەمانی کوردستان، ڤالا فەرید، بە سەرۆکی پارلەمان هەڵبژێردرا، ئەمە لەکاتێکدایە، لە خولی پێنجەمیش ماوەیەک سەرۆکی پارلەمان بو، بەمەش دەبێتە یەکەم ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دو جار ئەم پۆستە وەربگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٦، دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمان بەڕێوەچو، تێیدا بەهەمان شێوەی خولی پێنجەم، بە زۆرینەی دەنگی پارلەمانتاران ژنێک کرایە سەرۆکی پارلەمان و ژنێکیش بە سکرتێری پارلەمان هەڵبژێردرا.
د. ڤالا فەرید، ئەو ژنەی بە سەرۆکی پارلەمان هەڵبژێردرا، لەدایکبوی ساڵی ١٩٧٦ـە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای گشتی، هەروەک جگە لەم خولە لە خولی چوارەمی پارلەمانیش پارلەمانتار بوە، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیش پۆستی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پارلەمانی پێ سپێردرا بو.
ڤالا فەرید، بۆ جاری دوەمە پۆستی سەرۆکی پارلەمان وەردەگرێت؛ بۆ یەکەمجار لە شوباتی ٢٠١٩ لە سەرەتای خولی پێنجەم دا بە سەرۆکی پارلەمان هەڵبژێردرا و تاوەکو کاتی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و دەستبەکاربونی رێواز فایەق، سەرۆکی پێشوی پارلەمانی کوردستان لە مانگی تەموزی هەمان ساڵ، لەو پۆستەدا بو.