دایکان چۆن مامەڵە لەگەڵ مناڵی ئۆتیزمدا بکەن؟ پسپۆڕێکی پەروەردەی تایبەت وەڵام دەداتەوە
2026/05/17 , بینین : 15


* نەوژین، سومەیە ساڵح

خەمخۆری و نیگەرانی دایکان بۆ داهاتوی مناڵەکانیان شتێکی سروشتییە، بەتایبەت کاتێک دەزانن مناڵەکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە یان ئۆتیزمی هەیە، بۆ تیشک خستنە سەر شێوازی راستی مامەڵەکردن لەگەڵ مناڵانی ئۆتیزم و چۆنیەتی رێکخستنەوەی ژینگەی ماڵ بۆیان، ماڵپەڕی نەوژین دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ "شێوە رەحیم"، مامۆستا و پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت ئەنجامداوە.

ئۆتیزم چییە؟

پێش ئەوەی بچینە ناو کلیلەکانی چارەسەر، پێویستە بزانین ئۆتیزم (Autism) نەخۆشی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە گەشەی جیاوازی کۆئەندامی دەمار کە کار دەکاتە سەر شێوازی پەیوەندیکردن و کارلێکی کۆمەڵایەتی مناڵ لەگەڵ دەوروبەریدا، مناڵانی ئۆتیزم جیهانی دەوروبەریان بە شێوازێکی جیاواز دەبینن، دەبیستن و هەستی پێدەکەن، بۆیە تێگەیشتن لەم جیاوازییە، یەکەم هەنگاوی دایکانە بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی دنیای مناڵەکەیان.

کلیلەکانی تێگەیشتن و ڕێکخستنی ژینگەی ماڵ بۆ منداڵی ئۆتیزم

+ کاتێک دایکێک دەزانێت مناڵەکەی ئۆتیزمی هەیە، یەکەمین گۆڕانکاری کە پێویستە لە شێوازی هەڵسوکەوت و ژینگەی ماڵەکەیدا بیکات چییە بۆ ئەوەی مناڵەکە هەست بە ئارامی بکات؟

- پێش هەمو شتێک، پێویستە دایکەکە کات بدات بە خۆی بۆ قبوڵکردنی ئەم بارودۆخە نوێیەی هاتوەتە پێش، کاتێک دایکەکە دۆخەکەی قبوڵ کرد، بە دڵنیاییەوە نیوەی رێگای سەرکەوتنی بڕیوە، دوای ئەم قۆناغە، گۆڕانکارییە کردارییەکان لە ژینگەی ماڵەوە دەستپێدەکەن؛ لەوانەش:

دورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی و ژاوەژاو، دانانی بەرنامەیەکی رۆژانەی رێک و بێ کەموکوڕی؛ مناڵی ئۆتیزم ئەگەر بەرنامەی دیاریکراوی رۆژانەی هەبێت، هەڵسوکەوتکردن لەگەڵی زۆر ئاسایی و ئاسان دەبێت، گرنگترین هەنگاویش، دەستنیشانکردن و هەڵسەنگاندنی مناڵەکەیە لەلایەن پسپۆڕی پەروەردەی تایبەتەوە.

+ هەندێک لە دایکان نیگەرانن لەوەی مناڵەکەیان قسە ناکات؛ چۆن دەتوانن فێری زمانی ئاماژە و وێنە ببن بۆ ئەوەی لە ویست و داواکارییەکانی مناڵەکەیان تێبگەن؟

- نیگەرانی دایکان لە جێی خۆیەتی، بەڵام چارەسەرەکە لەوەدایە کە هەر کاتێک بۆیان دەرکەوت مناڵەکەیان ئۆتیزمی هەیە، راستەوخۆ بیبەنە لای کەسانی پسپۆڕ و شارەزاو، تاوەکو حاڵەتەکەی دەستنیشان بکرێت، لەو کاتەدا رون دەبێتەوە کە چ جۆرە راهێنانێک بۆ ئەو مناڵە گونجاوە؛ ئایا زمانی ئاماژەیە یان راهێنانی زمانەوانی (گۆکردن)؟ ئەمانەش هەموی بەپێی پلانێکی زانستی ورد بە مناڵەکە فێر دەکرێن.

+ لەکاتی تێکچونی باری دەرونی مناڵەکە (وەک گریانی بەکوڵ یان هاوارکردن)، دایک دەبێت بە کردەیی چۆن هەڵسوکەوت بکات؟ ئایا هێمنکردنەوەی مناڵەکە لەو کاتەدا رێگایەکی زانستی هەیە؟

- هۆکاری سەرەکی گریان و هاوارکردنی مناڵی ئۆتیزم ئەوەیە کە ناتوانێت وەک هاوتەمەنەکانی خۆی هەستەکانی دەرببڕێت و ناخی خۆی رون بکاتەوە، لەم کاتەدا دایک یان راهێنەر دەبێت ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر:

قسەکردن لەگەڵ مناڵەکە بە دەنگێکی زۆر ئارام و لەسەرخۆ، گرتنەباوەش؛ چونکە هەندێک لەم مناڵانە کاتێک لە باوەش دەگیرێن، خێرا ئارام دەبنەوە، دورخستنەوەی هەمو ئەو پێداویستی و شتانەی کە زیانیان بۆی هەیە و پێویستە ئەو کەسەی لەگەڵ مناڵەکە کار دەکات، هەمو رێگا و تەکنیکێکی زانستی بگرێتە بەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

+ دایکێک چۆن دەتوانێت مناڵە ئۆتیزمەکەی فێری کارە سەرەتاییەکان بکات، وەک (نانخواردن بە تەنها، دەستشۆردن، یان پۆشینی جلی)؟

- دایک لەم دۆخەدا نابێت تەنها پشت بە سەنتەر یان راهێنەری مناڵەکەی ببەستێت، بەڵکو دەبێت خۆی ببێتە هاوکار و تەواوکەری کارەکانی راهێنەرەکە، پێویستە پێکەوە پلانێکی یەکگرتو دابنێن؛ بۆ نمونە گەر راهێنەرەکە لەڕێگەی وێنەوە (فلاش کارت) یان هەر شێوازێکی تر مناڵەکە فێری رەفتارێک بکات، دەبێت دایکەکەش لە ماڵەوە رێک هەمان شێواز دوبارە بکاتەوە؛ گەر ماڵەوە و سەنتەرەکە وەک یەک و بە یەک دەست کار نەکەن، مناڵەکە فێر نابێت و پلانەکە سەرکەوتو نابێت.

+ زۆرجار مناڵی ئۆتیزم بەهۆی دەنگێکی بەرز یان روناکییەک یان جۆرە قوماشێک تێکدەچێت؛ دایک چۆن ئەم 'سەرچاوە بێزارکەرانە' بناسێتەوە و چۆن ماڵەکەی بۆ رێکبخات کە مناڵەکە کەمتر توشی دڵەڕاوکێ ببێت؟

- زۆرینەی مناڵانی ئۆتیزم کێشەی هەستەوەرەکانیان هەیە (وەکو هەستی بیستن، بینین، بەرکەوتن و هتد)، بۆیە زۆر گرنگە لەکاتی هەڵسەنگاندنی سەرەتاییدا، لەگەڵ لایەنەکانی تری مناڵەکە، ئەم لایەنی هەستەوەرانەش تاقیکردنەوە (تێست)ـی بۆ بکرێت، ئەگەر ئەم لایەنە دەستنیشان کرا، پڕۆسەی چارەسەرکردن و گونجاندنی ژینگەکە زۆر خێراتر دەبێت.

+ کاتێک دایکێک هەست دەکات مناڵەکەی وەڵامی باوەش یان ماچی ناداتەوە، توشی نائومێدی دەبێت؛ چ پەیامێکت بۆ ئەو دایکانە هەیە کە تێبگەن مناڵەکەیان خۆشی دەوێن، بەڵام بە 'شێوازێکی جیاواز' گوزارشتی لێدەکەن؟

- هەمو دایکێک پێش مناڵبون، کۆمەڵێک هیوا و ئاواتی تایبەتی هەیە بۆ ئەو کۆرپەیەی لەڕێگایە، کاتێک شتەکان پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی دایکەکە دەبنەوە، شتێکی تەواو ئاساییە کە توشی شۆک ببێت، بەڵام پەیامم بۆیان ئەوەیە: نابێت هیوامان نەمێنێت، هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی مناڵەکەمان نابێت لەبیر بکرێت. ئێمە هۆکارین بۆ باشترکردنی ژیانی مناڵەکەمان، ئەوانیش خۆشەویستیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە تێگەیشتنی ئێمەیە.

+ چۆن دایک مناڵەکەی ئامادە بکات بۆ چونە دەرەوە و تێکەڵبونی کۆمەڵایەتی و چۆن بەرگری لە مافی مناڵەکەی بکات بەرامبەر بە سەرنج و قسەی دەوروبەر؟

- بۆ ئامادەکردنی مناڵەکە، سەرەتا پێویستە تەواوی سەرنج، جوڵە، تێگەیشتن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مناڵەکە بگۆڕدرێت و کاری لەسەر بکرێت، دوای ئەم قۆناغە، ئینجا لە ژێر چاودێرییەکی ورددا تێکەڵی هاوتەمەنەکانی خۆی دەکرێت، منداڵی ئۆتیزم زۆر "تەقلیدی"ـن (واتا چاو لێکەرن)؛ ئەگەر هاتو چەند جارێک کردارێک یان رەفتارێکی دروست لە پێش چاویاندا دوبارە بکەیتەوە، بە دڵنیاییەوە لێتەوە فێر دەبن و ئەوانیش دوبارەی دەکەنەوە. ئەوەش باشترین رێگایە بۆ فێربونی رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان پێش چونە ناو دەوروبەر.

زۆرترین بینراوەکان