* نەوژین
دوای تێپەڕبونی چەند رۆژێک بەسەر دەستگیرکردنی خانمە میدیاکار؛ سەیران هاوژین، لە شاری سلێمانی، تائێستا هۆکاری راستەقینەی گرتنەکەی بە نادیاری ماوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان، دەڵێت: سبەی سەردانی ئاسایش دەکەین بۆ دڵنیابونەوە لە هۆکاری گرتنەکەی.
هەڵوێستی سەندیکای رۆژنامەنوسان
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بەم کەیسە بە نەوژینی راگەیاند: تائێستا هیچ دەزگایەکی راگەیاندن بە فەرمی ئێمەی ئاگادار نەکردوەتەوە کە سەیران هاوژین لای ئەوان کار بکات، حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانیش کە پێشتر ناوبراو لە میدیاکەیاندا کاری کردوە، ئەمڕۆ ئاگاداریان کردینەوە کە ماوەی حەوت مانگە هیچ پەیوەندییەکی کارکردنی بەوانیشەوە نەماوە.
سەبارەت بە هەنگاوە یاساییەکان، سەرۆکی لقی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو ئەندامی سەندیکا نییە، بەڵام وتی: "سەرباری ئەوە سبەی سەردانی ئاسایش دەکەم؛ ئەگەر کەیسەکە پەیوەندی بە کاری میدیاییەوە هەبێت، سەندیکا پارێزەری بۆ دابین دەکات، بە پێچەوانەوە هیچ قسەیەکمان لەسەر نابێت".
تۆمەتەکان لە دەرەوەی کاری راگەیاندنن؟
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی روبەڕوی سەیران هاوژین کراونەتەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە ئاشکرای کرد: "هێشتا بە وردی رون نییە سەیران لەسەر چی دەستگیرکراوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان باس لە چەند تۆمەتێک دەکەن کە دورن لە کاری راگەیاندن"، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و تائێستا هیچ تۆمەتێکی بەڵگەدار بە فەرمی رانەگەیەندراوە.
سەیران هاوژین، پێشتر وەک پێشکەشکار و میدیاکار لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن دەرکەوتوە، کۆتا دەرکەوتنەکانی لە "پرس میدیا" بون، کە میدیای تایبەت بە هاوپەیمانی نیشتیمانیە.