نێرگز محەمەدیی بە کەفالەت ئازادکرا
ھەواڵ
2026/05/11 , بینین : 9

* نەوژین


دەسەڵاتدارانی ئێران نێرگز محەمەدیی، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیـیان بە کەفالەت ئازاد کرد. نێرگز دوای مانەوەی بۆ ماوەی دە رۆژ لە نەخۆشخانەیەکی شاری زەنجان، رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی درا تا چارەسەری پزیشکیی پێویست وەربگرێت.

لیژنەی داکۆکیکار لە نێرگز رایگەیاند، ئەم چالاکە بە ئەمبوڵانس رەوانەی تاران کراوە تا لە لایەن تیمێکی پزیشکی تایبەتەوە چاودێری بکرێت.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێش چەند هەفتەیەک لە ناو زیندان جەڵتەی دڵ لێیدا و باری تەندروستی بەرەو خراپی رۆیشت.

ئەم ژنە چالاکوانەی مافی مرۆڤ و ژنان، تەمەنی ٥٤ ساڵە و لە کاتی زیندانیکردنیدا لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا.

نێرگز محەمەدیی، سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. ئەو لە مانگی کانونی یەکەم بەهۆی لێدوانەکانی لە مەراسیمی کۆچی دوایی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردیی دەستگیر کرا. ئێستا بە مەرجی کەفالەتێکی دارایی زۆر، رێگەی پێ دراوە لە دەرەوەی زیندان چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.

زۆرترین بینراوەکان