خەو؛ کلیلە شاراوەکەی تەندروستی ژنان
رەنگاڵە
2026/05/14 , بینین : 68


* نەوژین

خەو تەنها کاتێک نییە بۆ پشودانی جەستە، بەڵکو پرۆسەیەکی بایۆلۆژیی ئاڵۆزە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی مێشک و جەستە، بەتایبەتی بۆ ژنان کە بەهۆی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییە بەردەوامەکان و قورسایی ئەرکەکانی ژیان، زیاتر لە پیاوان پێویستیان بە خەو و حەوانەوە هەیە.

بەپێی راپۆرتە تەندروستییەکان، کەمی خەو لە نێوان ژناندا تەنها ماندوێتییەکی کاتی نییە، بەڵکو مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر کۆئەندامی بەرگری و هاوسەنگی هۆرمۆنەکانی وەک کۆرتیزۆڵ و ئینسلین، ئەم تێکچونە هۆرمۆنییە دەبێتە هۆی دروستبونی گرفت لە سوڕی مانگانە و کۆئەندامی زاوزێ، هاوکات دەبێتە هۆکارێک بۆ توندبونی ئازارە درێژخایەنەکانی وەک شەقیقە و هەوکردنی جومگەکان.

بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم کێشەیە، گرنگە ژنان پەیڕەوی رۆتینێکی تەندروست بکەن، کە لە رێکخستنی کاتی خەوتن و دورکەوتنەوە لە شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و کافاین لە کاتەکانی ئێواراندا دەستپێدەکات، هەروەها بە گرنگیدان بە وەرزشکردن و کەمکردنەوەی فشارەکان کارەکە جێبەجێ دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، شێوازی پاڵکەوتن رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە جۆری خەو؛ بە جۆرێک پاڵکەوتن لەسەر لای چەپ وەک باشترین شێواز بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن و هەرسکردن دادەنرێت، لە کاتێکدا شێوازی (کۆرپەلە) یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ناوچەی حەوز و پشت.

 

زۆرترین بینراوەکان