* نەوژین، سومەیە ساڵح
لەناو ژورێکی بێدەنگی گوندێکی دورەدەست، یان لە سوچێکی شارێکی قەرەباڵغدا، کچێک بە چاوی ترساوەوە سەیری دەستی پیرەژنێک دەکات کە چەقۆیەکی ژەنگاوی یان گوێزانێکی تیژی پێیە، ئەمە تەنیا دیمەنێکی رابردو نییە، بەڵکو برینێکی زیندوە لە یادەوەریی هەزاران ژندا؛ ئەو ژنانەی ساڵانێکی درێژە بە تەنیا هەڵگری ئازارێکن کە کۆمەڵگە بە ناوی "پیرۆزی" و "نەریت" شەرعیەتی پێ دەدا و جەستەی مێینەی پێ دەشێواند.
تیرۆری زمانی؛ کاتێک وشەکان رێگەیان بۆ تیغەکە خۆش دەکرد
بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی خەتەنەکردن وەک تاوانێکی بێدەنگ ساڵانێک بەردەوام بو، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ‘ئەشکەنجە زمانییەی’ کە وەک چەکێکی کاریگەر بەکارهێنراوە.
فەیمە فەرەج، ژنێکی بەتەمەنە و باس لەو سەردەمە دەکات کە زمان لە پێش جەستە دەستیکردوە بە شێواندن، ئەو بە خەمێکی قوڵەوە، بۆ نەوژین وتی: کچێک خەتەنە نەکرابایە، کۆمەڵگە ژیانی لێ دەکردە دۆزەخ، لەناو گەڕەک و گوندەکاندا پێیان دەوت 'ناپاک'، 'نادەستنوێژ' یان 'چەپەڵ’، یانیش دەیانوت ئەو کچە شومە و چێشتی دەستیان نەدەخوارد.
ئەم فشارە تەنیا کچەکەی نەدەپێکا، بەڵکو دایکیشی دەبوە ئامانجی سوکایەتییەکان، وەک فەیمە دەڵێت: “بە دایکەکەیان دەوت دایکی کچە سوار، یان دەیانوت کچەکەت بێڕەوشت دەردەچێت، ئەو فشارە وەک دارێکی ئەشکەنجە بەسەر سەری دایکانەوە بو، تا ناچاریان بکەن لە ترسی خراپبونی ناوبانگیان کچەکانیان رادەستی ئەو ئازارە بکەن“.
بڕیارێک بۆ پچڕاندنی زنجیرەی ئازار
لەکاتێکدا فەیمە باس لەو فشارە زمانییانە دەکات، سەبیحە عەزیزی تەمەن ٦٨ ساڵ، چیرۆکی راپەڕینێکی بێدەنگ دەگێڕێتەوە، ئەو خۆی قوربانیی ئەو تیغەیە کە بە ناوی ‘پاکی’ جەستەیان بڕی، بەڵام کاتێک نۆرە گەیشتە کچەکەی، بڕیاری دا زنجیرەی ئەو مێژوە تاڵە بپچڕێنێت.
وتی: "دەوروبەرم بەردەوام هانیان دەدام کچەکەم خەتەنە بکەم، هەمان ئەو قسە رەقانەیان بۆ منیش دوبارە دەکردەوە، کە پێشتر بە دایکمیان دەوت، تاوەکو من خەتەنە بکات، بەڵام کاتێک بیری ئازار و ناڕەحەتییەکانی خۆمم دەکردەوە، دڵم نەدەهات رێگە بدەم کچەکەشم بیبینێت ”.
سەبیحە تیشک دەخاتە سەر راستییەکی تاڵ کە زۆرجار پشتگوێ دەخرێت؛ برینەکە لە جەستە تێدەپەڕێت و لە رۆحدا نیشتەجێ دەبێت: "وەک جەستە ئازارەکە وەک خۆی بیرم نایەتەوە، چونکە ئەوکات زۆر مناڵ بوم، بەڵام لەڕوی دەرونییەوە هێشتاش هەستم خراپە و بەردەوام بیری لێ دەکەمەوە”.
کاتێک یادەوەری دەبێتە "ئازارێکی ئێستایی"
ئەم چیرۆکانە، رێک ئەو راستییانەن کە توێژینەوە زانستییەکان وەک "کەمئەندامیی دەرونی" ناوی دەبەن، توێژەر؛ محەمەد خدر، لە توێژینەوەیەکی دا کە لە دەڤەری سۆران، لەسەر ٦٨ ژنی قوربانی ئەنجامیداوە، پەردەی لەسەر حاڵەتی "فلاشباک" لاداوە.
بەپێی توێژینەوەکە، کاتێک ژنێک خەتەنە دەکرێت، ئەو ساتە لە مێشکیدا دەبەستێت، دیمەنەکان، هاوارەکان، و ئازارەکە وەک ئەوەی "هەر ئێستا" روبدات، بۆیان دوبارە دەبێتەوە، ئەمە وایکردوە ئەو ژنانە هەمیشە هەست بکەن "شتێکیان لە جەستەیان لێ دزراوە"، متمانەیان بەخۆیان نەمێنێت و چێژ لە ژیانی هاوسەرگیری و سۆزداری نەبینن.
ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٥؛ خەتەنەکردن هێشتا بە یەکجاری بنبڕ نەبوە
سەرباری ئەم چیرۆکە تاکەکەسییانەی بەرگری، بەڵام ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە ئەم دیاردەیە هێشتا بە تەواوی بنبڕ نەکراوە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، رێکخراوی هۆشیاری و گەشەپێدان بۆ ژنان و مناڵان لە عێراق (ئەدوی)، کە لە ئێستادا لە هەردو ناوچەی رانیە و هەولێر کاردەکات، ٧٧ حاڵەتی نوێی خەتەنەکردنی مێینەی لە نێوان کچانی خوار تەمەن ١٠ ساڵ تۆمار کردوە، کە بەمشێوەیە بون؛ ٧٤ حاڵەت لە رانیە و ٣ حاڵەت لە هەولێر.
خەڵات ساڵح، لە رێکخراوی ئەدوی، ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم تاوانە ئێستا شێوازێکی "شاراوە”ـی وەرگرتوە: "یاسا و دانانی سزای ماددی و مەعنەوی وایکردوە خەڵک لە ئەنجامدانی بترسن، بۆیە هەر کارێک بکرێت زۆر بە نهێنی ئەنجام دەدرێت و تەنانەت باسکردنیشی بوە بە ترس لایان”.
گەرمیان نمونەی سەرکەوتن
رێکخراوی ئەدوی ساڵی ٢٠١٩ رایگەیاند: خەتەنەکردنی مێینە لە گەرمیان بنبڕ بوە و هیچ حاڵەتێکی نوێیی تێدا تۆمارنەکراوە، “لەو ساڵە بەدواوە ئامارەکانی گەرمیان بەردەوام خاڵین لە خەتەنەکردنی مێینە، ئەمەش دەستکەوتی رێکخراوەکانی تایبەت بە هۆشیارییە لەم پرسە”، لەیلا ئەحمەد، ئەندام لە رێکخراوی ئەدوی لە گەرمیان وای وت.
سەرباری خاڵی بون، بەڵام رێکخراوەکە نەوەستاوە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک، وەک خەڵات ساڵح دەڵێت: گەرمیان نمونەی سەرکەوتنی ئێمەیە، بەڵام بەردەوامیین لەچالاکییە هەفتانەکانمان لە گوند و شارەکان بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە.
بەرەنگاربونەوە بۆ داهاتویەکی بێ تیغ
ئەم برینانەی ژنان باسی دەکەن، مژاری سەرەکیی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەکردنی مێینەیە (٦ـی شوبات)، ئەم رۆژە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دیاریکراوە، تەنیا بۆنەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ دوپاتکردنەوەی مافی پاراستنی جەستەی کچان.
بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە تاڵانە کۆتایییان بێت، خەڵات ساڵح ئاماژە دەکات بەوەی: هۆشیاری گرنگترین خاڵی وەرچەرخانی هەمو کۆمەڵگەیەکە ئەگەر بە بەردەوامی و بە ئارامی بکرێت، ئامانجی کۆتایی ئەم کاروانە ئەوەیە کە چیتر هیچ کچێک لە ژورێکی بێدەنگدا بە ترسەوە چاوەڕێی تیغ نەبێت، بەڵکو لە کۆمەڵگەیەکی هۆشیاردا بە پارێزراوی گەورە ببێت.