پەپولە: خەونمە ببمە وێنەگری پاڵەوانێتییە جیهانییەکان
ئەزمونی من
2026/05/02 , بینین : 263

 


* نەوژین، هۆزان فەریق 

پەپولە، یەکەم کچە وێنەگری نێو یاریگاکانی کوردستان و عێراقە، دەڵێت: ئامانجمە لەڕێگەی وێنەکانمەوە پەیامی جوان بگەیەنم، خەونیشم ئەوەیە لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان وێنە بگرم.

دەستپێکێکی جیاواز

پەپولە رێبین، کە خوێندکاری قۆناغی سێیەمی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی سلێمانییە، دەڵێت: هەمیشە خولیام ئەوە بو پیشەیەکی جیاواز هەڵبژێرم، بۆیە بڕیاری بون بە وێنەگری نێو یاریگاکانم دا کە کارێکی دەگمەنە لای کچان لە کوردستان و عێراقیش.

ئەزمونی مانەوە لە یاریگاکان

سەبارەت بە کارکردن لەنێو یاریگاکان، پەپولە بە ئەرێنییەوە باسی دەکات: مامەڵەی هاندەران زۆر دڵخۆشکەرە، لەنێو یاریگا روبەڕوی هیچ ئاستەنگیەک نابمەوە؛ کاتێک دەبینم هاندەری کچ لە یاریگادایە، هەستێکی زۆر تایبەتم بۆ دروست دەبێت، چونکە هانی یەکتر دەدەین، ئەوانیش لەگەڵ مندا هەست بە ئاسودەیی دەکەن و داوا دەکەن وێنەیان بگرم.

وێنە؛ گەیاندنی پەیام

لەبارەی هونەری وێنەگرتن، پەپولە پێیوایە وێنەگر پێویستە خاوەن کاردانەوەی خێرا بێت: سەرنجم لەسەر ساتی گۆڵ و جۆش و خرۆشی هاندەرانە، چونکە دەمەوێت لەو رێگەیەوە پەیامی دڵخۆشی بگەیەنم، هەر وێنەیەک چیرۆکێکی هەیە و زۆرجار خۆم پێی کاریگەر دەبم؛ لەنێو یاریگا ناتوانیت پلان بۆ وێنەی نایاب دابنێی، تەنها دەبێت چاوەڕێی چرکەساتەکان بیت.

ئاستەنگی دارایی و پاڵپشتی خێزان

سەرباری پاڵپشتی زۆری خێزانەکەی، بەتایبەت دایکیشی، بەڵام پەپولە لەڕوی داراییەوە لەبەردەم کۆسپدایە: ئامێرەکانم پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، هێشتا هیچ سپۆنسەرێکم نییە و پاڵپشتی داراییەکەم سنوردارە، وێنەگرتن بۆ من تەنها خولیا نییە، بەڵکو وەک پیشەیەکیش سەیری دەکەم و دەمەوێت لە داهاتودا بە تەواوی پشتی پێ ببەستم.

ئامانجی دورمەودا

پەپولە لە کۆتاییدا خەونەکانی ئاشکرا دەکات: خەونم ئەوەیە وەک وێنەگرێک لە خولی پریمەرلیگ، پاڵەوانێتی ئەوروپا و مۆندیال بەشدار بم، ئامانجم گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگایە بەرامبەر بە ژنان، بۆیە هانی کچان دەدەم هەوڵ بۆ ئاواتەکانیان بدەن، بەڵام بەڕای من پێویستە کارەکان لە چوارچێوەی بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا بن.

 

زۆرترین بینراوەکان