میدیا؛ لە سەکۆی هۆشیارییەوە بۆ ئامرازێکی کاڵاکردن و ناشرینکردنی ژن
2026/05/07 , بینین : 6


* نەوژین، سومەیە ساڵح

کاتێک میدیا لەبری پاراستنی مافی ژنان، دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی وێنەی نەرێنی، دۆخەکە دەگاتە ئاستێک کە چالاکوانان بە "شەڕێک لە دژی ژن" وەسفی دەکەن، دەڵێن: میدیای کوردی بۆ کۆکردنەوەی بینەر و لایک، سود لە ژنان وەردەگرێت، نەک لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە توانایان هەبێت.

زاڵبونی ئەقڵییەتی نێرینە لە بڕیارە میدیاییەکاندا

شەیما جاف، رۆژنامەنوس کە خاوەنی ٢٠ ساڵ ئەزمونە، دەڵێت: میدیای کوردی بەو شێوەیەی کە هەیە، لەڕوی ئەقڵییەتی بەڕێوەبردنەوە زیاتر جەخت لەسەر دیدگای پیاوان دەکاتەوە، زۆر جار میدیاکارێکی ژن سەد هێندەی بەرامبەرەکەی زیرەک و کارامەیە، بەڵام تواناکانیان بە کەم سەیر دەکرێت، بۆ کۆکردنەوەی بینەر و لایک و ڤیو، سود لە ژنان وەردەگرن، دەنا باوەڕیان بە توانایان نییە.

ناشرینکردنی ژن وەک ستراتیژێکی میدیایی

ژێوار خدر، هەواڵسازە، تیشک دەخاتە سەر ئەو لایەنەی میدیا کە بە ئەنقەست رێگە بە توندوتیژی دەدات: لە هەندێک حاڵەتدا لەبری رۆڵی ئەرێنی، هەوڵی ناشرینکردنی ژن دەدەن، تەنانەت هەندێک کەناڵ بە قەستی رێگە خۆشدەکەن بۆ ئەوەی کۆمێنتی نەشیاو لە سۆشیاڵمیدیاکانیانەوە بۆ ژنان بنوسرێت، ئەمەش لەڕێگەی شێوازی روماڵەکانیانەوە.

ئەم تێبینیەی ژێوار، لەلایەن بینەرانیشەوە هەستی پێدەکرێت، ستران عەبدوڵڵا، کە بینەرێکی بەردەوامی کەناڵەکانە و گرنگی بە هەواڵی تایبەت بە ژنان دەدات، دەڵێت: کەمترین هەواڵی ئەرێنی و پاڵپشت بۆ ژنان لە میدیاکانەوە دەبینم، بەڵام کاتێک ژنێک هەڵەیەک دەکات، هەواڵەکە بەشێوەیەک گەورە دەکرێت کە دیدگای ناشرین لەسەر ژن دروست بکات، وەک هەواڵەکانی شێلانی مناڵێک لەلایەن شۆفێرێکی ژنەوە، یان بەلاڕێدابردنی چیرۆکی خانمە دەرکەوتوەکانی سۆشیاڵمیدیا.

بە بڕوای ستران، ئەم جۆرە روماڵانە نەک هەر هەواڵ نیین، بەڵکو ستراتیژێکن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەردەوام بە چاوێکی نەرێنییەوە سەیری ژن بکات.

میدیا؛ هاوکاری ئاساییکردنەوەی کوشتنی ژنان

کەژاڵ عەبدولکەریم، چالاکی بواری ژنانە، پێیوایە میدیاکان رۆڵێکی خراپ لە کەیسەکانی توندوتیژیدا دەبینن: زۆرترین تیشکی میدیا لەسەر هەواڵی ئاساییە، کەچی لە کەیسی کوشتن و توندوتیژیدا راپۆرتی بەدواداچونیان کەمە، ئەو پیاوانەی ژن دەکوژن زۆرینە دواتر پەشیمان دەبنەوە، گەر میدیا ئەم دیوە پیشان بدات، دەتوانێت دیدی کۆمەڵگە بگۆڕێت، بەڵام ئەوان تەنها بە راپۆرتێکی کرچ و کاڵ کۆتایی بە دۆسیەکە دەهێنن و دەڵێن، بکوژەکە نەخۆشی دەرونی هەبوە

ئایا ژن خۆی بەرپرسیارە؟

شەیما جاف لەو بڕوایەدایە کە بەشێک لە ژنە میدیاکارەکانیش بەشدارن لەم دۆخە: ژمارەیەک لەو خانمانەی لە بواری بینراودا کاردەکەن، بەشێکیان تەنها روکەشن و بەبێ پاشخانی زانیاری تەنها بۆ لایک و ڤیو بەکاردەهێنرێن، هەندێکیشیان کە ئەم حاڵەتەم بە ئەزمونی بیست ساڵەی خۆم بەرچاو کەوتوە؛ کاتێک پێیان دەڵێین بەرنامەیەکی ژنانە بکەن، رەدی دەکەنەوە و نایانەوێت گرنگی بە پرسی ژن بدەن.

ئامارەکان؛ ئاوێنەی بێدەسەڵاتیی ژن لە میدیادا

سەرباری ئەوەی کە دەنگە ناڕازییەکان رەخنە لە کوالێتی بەشداری ژنان دەگرن، ئامارەکان دەیسەلمێنن کە تەنانەت لەڕوی ژمارەییشەوە ژنان لە دەرەوەی پۆستە بڕیاردەرەکانن.

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان: لە کۆی ١٠٦٥ دەزگای میدیایی، تەنها ٦٣ ژن خاوەن ئیمتیازین (کەمتر لە ٦٪) و تەنها ٧٪ـی دەزگا میدیاییەکان سەرنوسەریان ژنە.

زۆرترین بینراوەکان