کرێکارانی ژن: لەنێوان بژێوی و پێشێلکردنی مافەکانیاندا
ھەواڵ
2026/04/30 , بینین : 8


* نەوژین

لەنێو هۆڵ (صاڵە)ـی کارگە و مارکێتەکاندا، ژنانی کرێکار لە دۆخێکی سەختدا کار دەکەن و روبەڕوی چەندین جۆر پێشێلکاری دەبنەوە، چالاکوانێکی بواری ژنان جەخت دەکاتەوە: بەشێک لەو ژنانە رۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر کاریان پێدەکرێت و روبەڕوی گێچەڵپێکردن دەبنەوە، بەڵام لەبەر پێویستیی دارایی بێدەنگییان هەڵبژاردوە.

شەیما جەمال، چالاکی بواری ژنان، سەبارەت بە دۆخی ژنانی کرێکار بە ماڵپەڕی (نەوژین)ـی راگەیاند: "لەنێو کارگەکاندا کارێکی زۆر قورس بە ژنانی کرێکار دەکرێت کە لە توانای ئەوان بەدەرە، بەڵام بەهۆی پێویستییان بە سودی ماددی و بژێوی ژیان، ناچارن ئەو کارانە قبوڵ بکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، لە میانی قسەکردنی لەگەڵ ئەو ژنانەدا بۆی دەرکەوتوە کە بەشێکیان رۆژانە زیاتر لە ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر کار دەکەن، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانیانە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی یاسای کار ژمارە (٧١)ـی ساڵی ١٩٨٧ (کە لە هەرێم کارپێکراوە) و هەروەها یاسای نوێی کار، پێویستە ژینگەی کار بۆ ژنان پارێزراو بێت و کاتژمێرەکانی کارکردنیش سنوردار بن.

سوکایەتی پێکردن؛ ئەو باجە قورسەی ژنان بۆ بژێوی دەیدەن

ئەو چالاکوانە هەروەها تیشک دەخاتە سەر کێشەیەکی دیکەی هەستیار، دەڵێت: "کچانی نێو مارکێت و کارگەکان روبەڕوی سوکایەتی پێکردن لەلایەن خاوەنکارەوە دەبنەوە، بەڵام لەبری سکاڵا تۆمارکردن، بێدەنگی هەڵدەبژێرن. ئەوان مافەکانیان پێشێل دەکرێت و سوکایەتیش قبوڵ دەکەن تەنها بۆ ئەوەی لە کارەکانیان دەرنەکرێن، چونکە پێویستییەکی زۆریان بە پارە هەیە".

سەبارەت بە رۆڵی ئەوان وەک چالاکوان و کاردانەوەی خودی ژنەکان، شەیما جەمال وتی: "وەک چالاکوانان هەمیشە هەوڵمانداوە و کارمان لەسەر دۆخی ژنانی نێو کارگەکان کردوە، بەڵام زۆر گرنگە خودی ژنانیش بێنە پێشەوە و سکاڵا تۆمار بکەن، نەک تەنها ئێمە هاواریان بۆ بکەین، چونکە تا ئێستا بە هەر هۆکارێک بێت دەنگیان لێوە نەهاتوە".

پێشنیاری دروستکردنی سەندیکایەکی تایبەت

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ (نەوژین)، ئەو چالاکوانە پێشنیارێکی بۆ پاراستنی مافی ئەو چینە خستەڕو و رایگەیاند: "گرنگە سەندیکایەکی تایبەت بە فەرمانبەر و کارمەندانی نێو مارکێتەکان هەبێت، چونکە ئەوان زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە روبەڕوی پێشێلکردنی مافەکانیان دەبنەوە، بەتایبەت کە ئێستا ژمارەی مارکێتەکان زۆر بواە و پێویستییان بە چاودێری و پاراستنی زیاتر هەیە".

زۆرترین بینراوەکان