پەیمان عیزەدین بۆ ژنانی بەرپرس: بۆ ئەوەی ببنە سەرکردە، لاسایی پیاوان مەکەنەوە
ھەواڵ
2026/05/04 , بینین : 72


* نەوژین 

پەیمان عیزەدین، پارلەمانتاری پێشوی کوردستان، لە پەیامێکی رەخنەیی و هۆشیارکەرەوەدا کە ئاراستەی "ژنانی بەرپرس"ـی دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی و ئیداری نابێت ببێتە هۆی دابڕانی ژن لە ناسنامە و تایبەتمەندییە مێینەکانی خۆی.

پەیمان عیزەدین، پێی وایە گرنگی گەیشتنی ژن بە پلە و پۆستە باڵاکان، تەنها بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکان نییە، بەڵکو بۆ تێکشکاندنی ئەو بیرکردنەوە کۆنەپارێزەیە کە دەڵێت "ژن بۆ ناوەندی سیاسی و ئیداری نابێت و جێگای شیاوی تەنها ماڵەوەیە"، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ئامانجە نایەتە دی ئەگەر ژن لە ناو دەسەڵاتدا هەوڵی "پیاوانە" رەفتارکردن بدات.

"ژن نابێتە سەرکردە بە جگەرە و تەزبیح"

لە پەیامەکەیدا ئەو پارلەمانتارەی خولی سێیەمی پارلەمانی کوردستان، بە راشکاوی رەخنە لەو مۆدێلە لە ژنان دەگرێت کە وەک لاساییکردنەوەی پیاوان دەردەکەون و دەڵێت: "مێ نابێتە ژنێکی سەرکەوتو ئەگەر پێی وابێت دەبێت ئەمیش جگەرە بکێشێت و تەزبیح هەڵبسوڕێنێت، هەر وەک چۆن نابێتە سیاسییەکی باشیش ئەگەر لەبری پرسەی ژنان، تەنها بچێتە پرسەی پیاوان".

پاشخانی بیرکردنەوە و بەکەمبینینی ژنان

ناوبراو هەروەها ئاماژە بە خاڵێکی هەستیار دەکات؛ کاتێک ژنێکی بەرپرس تەنها لە مەجلیسی پیاواندا دەردەکەوێت بە بیانوی "بەرپرسیارێتی" یان "رێچکەشکێنی"، لە راستیدا بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، ئاماژە بەوە دەدات کە هێشتا لە پاشخانی بیرکردنەوەیدا "پیاو" بە گرنگتر و باڵاتر دەبینێت.

پەیامێک بۆ داهاتو

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پەیمان عیزەدین، هۆشداری دەدات کە ئەگەر ژنانی ناو دەسەڵات ببنە هۆی بەکەمبینینی رەگەزەکەی خۆیان، ئەوا تەنانەت ئەگەر رێژەی بەشداریی ژنان بگاتە 70%ـیش، هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە ئازادیی ژنان و بیری چەقبەستوی کۆمەڵگەدا رو نادات.

زۆرترین بینراوەکان