* نه‌وژین، محەمەد مەحمود
"بەشی پەرستاریم خوێندوە، بەڵام ئێستا لە گوندەکەمان لەگەڵ دایک و باوکم خەریکی باخداری و بەخێوکردنی ئاژەڵم. هەمو بەیانیەک لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، باوکم ئاژەڵەکان دەباتە دەره‌وە بۆ لەوەڕ، من و دایکم کارەکانی دیکە دەکەین، ئەرکی ئێمە لە ماڵەوە دۆشینی ئاژەڵەکانە، دواتریش دەچینە باخەکەمان".
بەسۆز ئەحمەد، 22 ساڵ، دانیشتوی بناری بەمۆیە، دەرچوی بەشی پەرستاری پەیمانگای تەکنیکی کەلارە. ئه‌زمونى خۆی به‌مشێوه‌یه بۆ (نه‌وژین) گێڕایه‌وه:
"دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن گەڕامەوە گوندەکەمان، لەگەڵ دایک و باوکم دەستم بەکارێکی جیاواز کرد لەوەی کە لە خوێندن چاوەڕێم دەکرد، ئێستا رۆژانە له گونده‌كه‌مان كارى جیاواز ده‌كه‌م.
زۆربه‌ى رۆژەکان دوای ئەوەی دایکم مانگاکان دەدۆشێت و شیرەکەی دەکوڵێنێت دواتر دەیکات بە ماست، پێکەوە ماستەکە دەژەنین و دەیکەن بە دۆ، لەو دۆیە کەرێیەک دروست دەبێت کە دەکرێت بە رۆن، ھەڵبەت رۆنەکەش بەتەنھا بۆ خواردن چێژی نابێت، دەبێت تو بکوڵێنین بیکەین بە دۆشاوی تو، دواتر تێکەڵی دەکەین لەگەڵ رۆنەکە بۆ خواردنی بەیانیان، ئەو دۆ زیادەی ئەمێنێتەوە دەیکوڵێنین و دەیکەین بە کەشک.
ئێستا كه وه‌رزی پایزه، وه‌رزی پێگه‌یشتنى هه‌ناره، من لە ناو باخ هەنارەکان لێدەکەمەوە، دواتر لەگەڵ دایکم ئاوی دەگرین و دەیخەینە سەر ئاگر تاوەکو خەست دەبێتەوە و دەبێت بە روبەھەنار. بەهێش یەکێکە لەبەرھەمهکانی پایز، ئێمه ده‌یكه‌ین به مرەبا، بۆ وەرزەکانی دیکەش میوەی دیکەمان دەبێت لە باخەکە.
جیاواز له‌و كارانه و هه‌روه‌ها كارى ناوماڵ، هەندێک رۆژ دەچمە دەره‌وە لە گەڵ باوکم و بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان هاوكاری ده‌كه‌م.
من ئه‌گه‌رچی چاوم له‌وه بو به‌هۆی بڕوانامهكهوه له بواری ته‌ندروستى كار بكه‌م، به‌ڵام پاش ته‌واوكردنى خوێندنیش دانه‌نیشتم، به‌ڵكو به‌هاوكارى دایك و باوكم به‌رده‌وام بوم له‌و كارانه و زۆریش پێی دڵخۆشم".
