* نەوژین، بەنان فاروق
ئایا یەک ژن دەتوانێت رێڕەوی کۆمەڵگایەک بگۆڕێت؟ چیرۆکی کەیوان لە ئاکرێ، وەڵامێکی زیندوی ئەم پرسیارەیە. ئەو بە پشتکردنە رەخنە و باوەڕبون بە خەونەکەی، دیواری بێدەنگی شکاند و ‘خانەدان’ـی کردە ناوەندێک کە تێیدا تامی خواردنی کوردەواری و بۆنی ئازادیی ژن تێکەڵ دەبن.
کەیوان کازم، تەمەن ٥٣ ساڵ، دانیشتوی قەزای ئاکرێ و دایکی سێ کچە، لە قەزاکەی خۆیدا چێشتخانەیەکی کردوەتەوە و خواردنی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات.
"دەبو یەکێک رێچکەکە بشکێنێت"
ئەو باس لەوەدەکات هەنگاوەکەی ئاسان نەبوە، “پێویست بو یەکێک لە شوێنێکی وەک ئاکرێ، کە ژن وەک پیاو سەیر ناکرێت لەڕوی کارکردنەوە، بێت و رێچکە بشکێنێت، بیرمکردەوە من ببم بەو کەسە و وامکرد”.
لە سەرەتای کارەکەیدا روبەڕوی رەخنەیەکی زۆر بوەتەوە، بەڵام گوێی پێنەداوە "لە ژیانی کارکردنم دا توشی بەربەست و ئاستەنگی و رەخنەی ئێجگار زۆر بومەتەوە، چونکە کارکردنی ژنان لێرە نامۆیە، بەڵام من گوێم پێنەدان و لە کارکردنی خۆم بەردەوام بوم، تاوەکو گەیشتم بەم ئاستە، کە ئەمڕۆ دوای چوار ساڵ، ئەو کۆڵنەدانەم بوەتە مایەی شانازی بۆ خۆم و رێز بۆ کۆمەڵگاکەم".
'خانەدان' کە ناوی چێشتخانەکەی کەیوانە، تەنها شوێنێک نییە بۆ پێشکەشکردنی نانی بەیانی، نیوەڕۆ و خواردنەوەکان؛ بەڵکو گەنجینەیەکی کلتورییە، کەیوان چونکە حەز و خولیایەکی زۆری بۆ کەلوپەلی کۆنی کوردەواریی هەیە، لە هەمو ناوچەکانی کوردستان کۆیکردونەتەوە و لە چێشتخانەکەیدا نمایشی کردون.
"حەزم کرد جیاواز بم، ویستم کاتێک گەشتیارانی کوردستان و دەرەوە سەردانمان دەکەن، ئاشنای کەلەپوری تەواوی کوردستان بن. ئامانجی سەرەکیم خزمەتکردنە بە پیشاندانی کولتوری کوردستان بە هەمووان". کەیوان وایوت.
"خەونم ئەوەیە رۆژێک بێت هەمو ستافەکەم کچ بن"
کەیوان بە کارەکەی هەلی کاری بۆ نزیکەی ٢٣ کەس رەخساندووە کە زۆربەیان گەنجن، لەنێو کارمەندەکانیدا پێنج کچ هەن و هاوینانیش سێ کچەکەی خۆی شانبەشانی دایک و باوکیان کاردەکەن.
ئەو باوەڕێکی زۆری بە توانای کچان هەیە و هیواخوازە لە داهاتودا رێژەیان زیاتر بکات، "زۆر حەز دەکەم کارمەندەکانم کچ بن، چونکە ئیشکردنی کچانم لە هی پیاوان پێ باشترە، زۆربەی کچەکانی ئاکرێ بێکارن و لە هەوڵدام کچی زیاتر بهێنمە ناو ئیشەکەوە. خەونی من ئەوەیە رۆژێک هەمو ستافەکەم بکەم بە کچان".
لە رەخنەوە بۆ رێزلێنان و شوێنپێ هەڵگرتن
ئەو رێچکەیەی کەیوان شکاندی، ئێستا ژنانی دیکە شوێنی کەوتون، ئەمەش بە وتەی خۆی.
وتی: ژنێکی تر لە دوای منەوە چێشتخانەیەکی لە سەیرانگای سیپە کردوەتەوە کە مایەی خۆشحاڵی منە. جیا لەوەش، ژنان لە ماڵەوە خواردن دروستدەکەن و بە گەیاندن دەیفرۆشن، کە بیرۆکەکە لەلای منەوە پەرەیسەندوە.
ئەو هەنگاوەی کە رۆژێک بە رەخنەوە پێشوازی لێدەکرا، ئەمڕۆ بوەتە سەرچاوەی ئیلهام. کەیوان نەک تەنها لەلایەن خەڵکەوە دەستخۆشی لێدەکرێت، بەڵکو لەلایەن چەندین رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بڕوانامە و رێزلێنانی پێبەخشراوە.
وەکخۆی دەڵێت: پێشتر هیچ کارێکم نەکردبو، ئەمە یەکەم ئەزمونمە و سەربەرزم پێی، هەمو رۆژێک سەرکەوتنێکی نوێیە بۆم، ئەمەش شانازییەکی تری تەمەنمە.
چیرۆکی کەیوان تەنها چیرۆکی کردنەوەی چێشتخانەیەک نییە، بەڵکو چیرۆکی کردنەوەی دەرگایەکە بەڕوی ئیرادە و سەربەخۆیی ژنان دا لە ناوچەیەکدا کە زۆرترین پێویستی پێیەتی.