چنار و ١٤ ساڵ خزمەتکردن بە وەرزش لە کوردستان و عێراق

2025/04/26    213 جار بینراوە


* نەوژین، شنۆ نوری

١٤ ساڵە لە بواری وەرزش خزمەتدەکات، سەرەتا وەک مامۆستا دەستی پێکردوە ئێستا لەپاڵ مامۆستایەتی کاری راهێنەریەتیش بۆ رێکخراوی ژیما دەکات، لەبارەی کاری رێکخراوەکەوە دەڵێت: کار لەسەر توانای ئەو کیژۆڵانە دەکەین کە خولیای وەرزشی باسکیت بۆڵیان هەیە.

چنار فەتاح، ژنێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە و یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی باسکەی عێراقە، هەروەها ١٤ ساڵە مامۆستای وەرزشە و ٨ ساڵیشە وەک راهێنەر و جێگری سەرۆک لە رێکخراوی ژیما خزمەتدەکات.

رێکخراوی ژیما لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە و ئامانج لێی بەهێزکردن و گرنگیدان بە توانای کچانی وەرزشوانە لە وەرزشی باسکیت بۆڵ و مینی باسکیت، لە ئێستادا زیاد لە ١٠٠ کچە وەرزشوان لە رێکخراوەکەن.

وەک چنار ئاماژەیپێکرد: ئامانجی رێکخراوەکە بەهێزکردنی کیژۆڵانە لەڕێگەی وەرزشەوە، هەر لەقۆناغی مناڵیەوە کار لەسەر کەسایەتیان دەکەین بۆ هاتنە نێو دونیای وەرزش.

باسکیتبۆڵ ئەو وەرزشەیە کە رێکخراوی ژیما گرنگی پێدەدات، کچە یاریزانەکانی سێ جار بون بە پاڵەوانی پێشکەوتوانی عێراق، چنار دەڵێت: لێهاتویی کچانی ژیما بەشێوەیەکە کە لەساڵی ٢٠٢١ هەڵبژاردەی عێراقیان گەیاندە پلەی ١٥ لە جیهان دا.

زیاتر وتی: لەگەڵ ئەوەش لە ساڵی ۲۰۱۷ـوە لەهەمو چالاکیەکانی باسکیت بۆڵ بۆ مینی باسکیت، تازە پێگەیشتوان، لاوان و پاڵەوایەتیەکانی ۳×٣  پلەی یەکەمی سلێمانی و کوردستان و عێراق بە ناوی کچانی رێکخراوەکەمانەوەیە کە لە ژێر ناوی یانەکانی ( هەڵەبجە و غازی شیمال و ئەکادیمیای خەونی وەرزشی ) بەدەستهاتوە.

دیمەنی چنار لەکاتی راهێنان کرد بە کیژۆڵەکانی رێخراوی ژیما

جیا لە رێکخراوی ژیما، چنار ماوەی ٧ ساڵە یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی یاری باسکەی کچانی عێراقە، دەڵێت: زۆرینەی کاتەکانی رۆژانەم بۆ راهێنان و کاری راهێنەری تەرخان دەکەم.

سەرباری ئەوەی چنار خاوەنی چەندین دەستکەوتە و بوە بە ئیلهام بۆ چەندین کچە وەرزشوانی دیکە، بەڵام وەکخۆی باسیدەکات، هێشتا ئاسەنگیی دێتە پێش، تەنانەت هەندێک کات بەهۆی بیرکردنەوە نەرێنیەکانی دەوروبەر بۆی، بیری لە وەستان و وازهێنان کردوەتەوە 

“دڵنیام ئەمە دۆخی زۆرێک لەو خانمانەیە کە لەبواری وەرزش کاردەکەن، ئەوەش لەکاتێک دا لەلایەکی دیکە خێزانێکی زۆر هەن پاڵپشتی لە کچەکانیان دەکەن و خۆیان دەیانهێننە رێکخراوەکەمان” چنار وایوت. 

ئامانجی داهاتوی چنار، بەهێزکردنی کیژۆڵە وەرزشوانەکانیەتی بەشێوەیەک بتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتیش دەستکەوتیان هەبێت. 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,469,549     ژمارەی میوان 798

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە