* نەوژین, هاوژین محەمەد
لە ناحیەیەکی بچوکی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، کارگەیەکی دروستکردنی قارچک (کوراگ)ـی دامەزراندوە و لەڕێگەیەوە جگە لەوەی خۆی و خێزانەکەی خستوەتە سەر کار، بەرهەمێکی زۆری قارچکی خۆماڵی خستوەتە بازاڕەوە، دەڵێت: گەر شوێنی گونجاوم بۆ دابینبکرێت، توانام هەیە هەر چوار وەرزی ساڵ قارچک بەرهەمبهێنم.
نزار محەمەد، دانیشتوی ناحیەی ژاراوەیە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین و دەرچوی بەشی زانستە کشتوکاڵیەکانە، کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی قارچکی لە ناحیەکەی کردوەتەوە و ئامانجی پەرەپێدانی زیاتریەتی.
لەبارەی چیرۆکی دەستپێکردنیەوە بە نەوژینی وت: دوای تەواوکردنی زانکۆ، بیرمکردەوە کارێک بکەم تاوەکو بتوانم لە دابینکردنی بژێوی ژیان دا یارمەتی ماڵەوە بدەم و خۆشم سەرقاڵ بکەم، ئەوە بو بیرم لە دروستکردنی کارگەیەکی دروستکردنی قارچک کردەوە و پلانم بۆ دانا.
لە یەکەم هەوڵ دا، نزار سەرکەوتو نەبوە لە کردنەوەی کارگەکەی، بەڵام کۆڵی نەداوە و دوبارە هەوڵی داوەتەوە، وەکخۆی وتی: سەرەتا توشی شکست بوم، دواتر بۆم دەرکەوت بەهۆی ناشارەزاییم لە بوارەکە بوە، قارچک سروشتی وایە زۆر ناسکە و بەرگەی هچ جۆرە بارودۆخ و نەخۆشیەک ناگرێت و لە دروستکردنی دەبێت زۆر وریا بیت.
زیاتر وتی: هەروەها لە شکستەکەمەوە فێربوم شوێنی تایبەت بە گەشەپێدانی بۆ بکەمەوە و هەمو شتێک دەستەبەر بکەم بە کوالێتی باش. ئەوە بو لە ساڵی یەکەم نیوە بە نیوەی بەرهەمەکەم خەسار بو، بەڵام بۆ ساڵی دواتر کە چاکمکرد تەنها چەند دانەیەکم خراپ بو و ئێستا هیچ یەکیان خراپ نابن.

نزار لەکاتی چاودێریکردنی قارچکەکانی
هەروەک دروستکردنەکەی، ساغکردنەوەیشی لە سەرەتادا بۆ نزار ئاسان نەبوە، وەکخۆی دەڵێت: سەرەتا زۆر قورس بو تاوەکو توانیم بڕوا بە خەڵک بهێنم کە قارچکەکە سەلامەتە، دەمبردە مارکێتەکان، بەڵام رەتیان دەکردەوە وەریبگرن، تاوەکو ئەو کاتەی بردمە دوکانێکی سەوزەواتی بچوک و لای خۆی داینا، دواتر زانیم کە کڕیارێکی زۆری هەبوە، هەرچەندە ئەوکات قازانجێکی زۆری نەبو، بەڵام زۆر دڵخۆشبوم بە ساغبونەوەی.
لەدوای ئەو ساغکردنەوەیە، نزار بڕیار دەدات قاپ و لۆگۆی تایبەت بەخۆی دروستبکات، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی بەرهەمەکەی زوتر ساغببێتەوە و بە وتەی خۆیشی: بیرۆکەکەم کاریگەری هەبو لەسەر زو ساغبونەوەی بەرهەمەکانم.
جگە لە دروستکردن و فرۆشتنی قارچک، نزار تۆوەکەیشی دەفرۆشێت، بەشێوەیەک لە هەمو کوردستان و عێراقیش کڕیاری هەیە، وتی: گەر شوێنی گونجاوم بۆ دابینبکرێت، توانام هەیە هەر چوار وەرزی ساڵ قارچک بەرهەمبهێنم، ئەمەش وادەکات چوار وەرزە قارچکی کوردی بونی هەبێت و لەڕێگەیەوە دەتوانم هەلی کار بۆ چەند گەنجێکی دیکەی ناوچەکەش بڕەخسێنم.