"کار رەگەزی نییە"؛ پەیامی یەکەم کچە سەرتاشی کوردستان

2025/07/08    338 جار بینراوە


* نەوژین، بەنان فاروق

لە گەڕەکێکی سلێمانی، لەناو دوکانێکی بچوکدا کە بۆنی کرێم و بۆنی دوای ریشتاشینی لێدێت، بینایی، بە مقەست و مەکینەکەی دەستیەوە نەک تەنها قژی موشتەرییەکانی، بەڵکو ئەو بیرکردنەوە باوەش دەتاشێت کە دەڵێت "سەرتاشی کاری پیاوانە”، ئەو، کە پاڵەوانی پێشوی تۆپی پێی عێراقە، ئەمڕۆ بوەتە یەکەم کچی سەرتاشی ناسراوی پیاوان لە کوردستان و چیرۆکەکەی تێکەڵەیەکە لە خەون، بوێری و ئاڵەنگاری کۆمەڵگا.

بینایی عوسمان، ٢٨ ساڵ، لەدایکبو و دانیشتوی شاری سلێمانییە و دەرچوی پەیمانگای وەرزشی هەمان شارە، ماوەی سالێکە وەک یەکەم کچ لە کوردستان سەرتاشخانەیەکی کردوەتەوە و تێیدا قژ و ریشی پیاوان چاکدەکات.

چیرۆکەکە لە خەونێکی مناڵییەوە دەستی پێکردوە، بینایی هەمیشە حەزی دەکرد قژی کورت بێت و خولیای ئەوەی هەبوە ببێتە سەرتاش، وەک خۆی بۆ نەوژین گێڕایەوە: لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە ماڵەوە دەستم پێکرد، مەکینەیەکم هەبو و بۆ خۆشیی خۆم دەستم وەردەدایە قژی هاوڕێ و خزمەکانم.

دوای تەواوکردنی پەیمانگا، ئەو خولیایە جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە، ساڵی رابردو بڕیاریدا خەونەکەی بکاتە راستی و دوکانێکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە، دەڵێت: پشتم بە خۆم بەست و خەونەکەم هێنایە دی؛ سەرەتا موشتەرییەکانم کەمبون و بە دودڵییەوە سەردانیان دەکردم، بەڵام کاتێک هونەری دەستمیان بینی نەک تەنها گەڕانەوە، بەڵکو بونە موشتەری هەمیشەیی.

ئێستا بینایی تەنها سەرتاش نییە، بەڵکو راوێژکاری ستایلیشە: زۆر جار ستایلی نوێی قژ و ڕیشیان بۆ پێشنیاز دەکەم، موشتەرییەکانم پێم دەڵێن تا ئێستا سەرتاشێک بەم شێوەیە گرنگی بەوە نەداوە کام ستایل لە روخسارمان دێت.

هەنگاونان بۆ ناو پیشەیەک کە بە "پیاوانە" چاوی لێدەکرێت، بۆ بینایی ئاسان نەبوە و هەر بەوهۆیە روبەڕوی قسە و رەخنەی زۆری کۆمەڵگا دەبێتەوە، "کۆمەڵگا پێی وایە کچ نابێت کاری پیاوان بکات، بۆیە زۆر دژایەتیم دەکرێت، بەڵام من ناڕوخێم و بەردەوام دەبم.

ئەو پشتگیریی خێزانەکەی، بەتایبەت باوکی، بە هۆکاری سەرەکیی مانەوەی دەزانێت.: باوکم گەورەترین پشتیوانمە و یەکێکە لەو موشتەریانەم کە بەردەوام سەردانم دەکات.

دیدگایەکی گەورەتر بۆ داهاتو

بینایی تەنها بیر لە دوکانەکەی خۆی ناکاتەوە، بەڵکو خەونی گەورەتری هەیە، لە پلانیدایە دوکانەکەی بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی گەورەتر و کاری تێدا فراوانتر بکات، “دەمەوێت بەشێک بۆ ئەو ژنانەش تەرخان بکەم کە حەزیان لە قژی کورتە و دەیانەوێت بە ستایلە نوێیەکان قژیان ببڕن."

بەڵام گەورەترین پڕۆژەی، کردنەوەی دەرگایە بۆ کچانی دیکە، "هەر کچێک حەزی لەم پیشەیە بێت، من ئامادەم بەبێ بەرامبەر فێری بکەم. دەمەوێت رێژەی کچانی سەرتاش زیاد بکات و چیتر ئەم کارە نامۆ نەبێت، دەبێت هەموان بزانن کە کار رەگەزی نییە، کار بۆ هەموانە.
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,601,297     ژمارەی میوان 1253

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە