گوڵە گەنمەکانی (شایی) حەوت رەنگن

2020/11/14    2873 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، رێناس ساڵح
 
"ئەو رۆژەی ئینجانە گوڵەکەم دروستکرد هەرگیز بەخەیاڵم نەدەهات رۆژێک ئەمە بزنسی من بێت، بەردەوام بوم و چەپکە گوڵەکانم زیادیان دەکرد، کە پێیان وتم بیانفرۆشە زۆرم پێناخۆشبو، چونکە من ئەوانم خۆشەویست، کاری پێچانەوەی گوڵ سەلیقە و تاقەتێکی تایبەتی دەوێت، کارەکەم زۆرقورسە، بەڵام من عاشقیم".
 
شایی کاروان عه‌بدولڕه‌حمان، کچێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، بەشی وەرگێڕانی لە زانکۆی سلێمانی خوێندوە، ماوەی ساڵێک و شەش مانگە دەستی کردوە بە کاری پێچانەوەی چەپکە گوڵ و فرۆشتی بەشێوەی ئۆنلاین. 
 
شایی، لە نەوژینەوە ئەزمونی خۆی و رۆژەکانی لە کارەکەی، به‌مشێوه‌یه‌ى لایخواره‌وه‌ گێرایەوە:
 
 
"ئەو کاتەی زانکۆم تەواوکرد، هەستی بەرپرسیاریەتیم لا دروست بو، هەمو کچێک پێی خۆشە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و داھاتی خۆی ھەبێت، لەوێوە دەستم بەکارکرد، هەستێکی زۆر تایبەتە کە خاوەنکاری خۆت بیت بە رەنج و ماندوبونی خۆت.
 
ناوی گوڵەگەنمم ھەڵبژارد، چونکە یەکێکە لەو گوڵانەی کە من زۆر لەلام تایبەتە، شێوەیەکی زۆر جوانی ھەیە، لە کارەکەشمدا بەردەوام نوێگەری دەکەم، ئەو کاتەی کە مناڵ بوم ھەمو کات نەنکم ئاشنای ئەکردم بە گوڵە نوێیەکانی کە لە باخچەکەی ئەیڕواند و منیش گوێم بۆ ئەگرت.
 
دەشت و کێوەکانی کوردستان بێبەش نین لەو نیعمەت و جوانیە کە لە سروشت هەیە، ئێمە لە ماڵەوە بە هەروەزی دەچین گوڵ کۆدەکەینەوە، لەگەڵ بەشێکی دیکەشی لە دەرەوە دەهێنم، کارەکەم زۆر ماندوبونی هەیە، بەڵام چێژی سەرکەوتن قابیل بەو ماندبونەیە.
 
 
بەپێی بۆنەکان تێکەڵکردن و هەڵبژاردنی رەنگەکان و جۆری گوڵەکان جیاوازە، رەنگی جلوبەرگیش رۆڵێکی سەره‌کی هەیە لە رێکخستنی رەنگەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ رازاندنەوەی ماڵەکان دەبێت لەگەڵ رەنگ و رێکخستنەکانی ژورەکان بیگونجێم، هەندێک لە  کڕیارەکانیشم خۆیان رەنگ و شێوازەکەی دیاری دەکەن.
 
هه‌ر له‌ سەره‌تاوه‌ خێزانەکەم زۆر هانیاندام و هاوکارم بون تا گەشتم بە ئەمڕۆ. کچان و ژنانیش دەڵێم: ھیچ کات واز لەو کارە مەھێنن کە خۆشتان دەوێت، من لە گوڵدانێکی بچوکەوە دەستم پێکرد کە بۆ خۆمم دروست کرد بەڵام کۆڵم نەدا".
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,110     ژمارەی میوان 716

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە