ئه‌زمونى (ژیان) له‌گه‌ڵ دروستكردنى شیرینی

2020/10/30    1783 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، رێناس ساڵح
 
ژوان جەلال، لە ساڵی ١٩٨٩ لە کەلار لە دایکبوە، پیشەی فەرمانبەرە لە زانکۆی گەرمیان، ماوەی حەوت مانگە دەستی داوه‌ته‌ دروستکردنی شیرینی جیاواز و تایبەتی وڵاتانی دیکە و له‌ رێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و مۆڵه‌كانه‌وه‌ ده‌یگه‌یه‌نێته‌ كڕیاره‌كان.
 
ژوان، ئه‌زمونى خۆی له‌م بواره‌دا بەمشێوەیە بۆ (نەوژین) ده‌خاته‌ڕو: 
 
لەبەرئەوەی زۆربەی شیرینیەکانی تر لە کافێ و شوێنە گشتییەکان هەیە، بۆیە بڕیارم دا جۆرە شیرینیەکی تایبەت دروستبکەم و خەڵکی شارەکەمى پێ ئاشنا بکەم.
 
ئه‌و شیرینیه‌ كه‌ به‌ "معمول بە سمیدە"ى(خۆماڵی) ناوده‌برێت، بە چوار تامی جیاواز دروست ئەکرێت: فستق، گوێز، خورما و میوە.
 
 
"معمول" مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن کە دەکاتە نزیکەی (5000) ساڵ پێش ئێستا لەوڵاتە عەرەبیەکان بەتایبەتی لە میسر و ئوردن و لوبنان و سعودیە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بە گۆڕانکاری نوێ و شێوەی جیاوازەوە دروست دەکرێت، گرنگیەکی تایبەتی هەیە لە بۆنەکاندا بەتایبەت لە بۆنەکانی جەژندا.
 
لەگەڵ ئەمەشدا چەندین جۆری شیرینی وڵاتی دیکەی وەک: ئیتاڵیا، هیندستان و وڵاتانی عەرەبی دروست دەکەم، بەڵام بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و هەندێک لەو پێداویستیانەی شیرینیەکان لێرە دەستم ناکەوێت بۆیە جێگیرەوەیان بۆ دادەنێم.
 
 
لەم کارەمدا خێزانەکەم هاوکاری یەکەم و زۆرباشی من بون، هاوکات بۆ کڕینی پێدوایستی و بە بازاڕکردنی کارەکەشم هاوکارمن و هەندێکجار بۆ دروستکردنی شیرینیەکانیش یارمەتیدەرێکی باشی منن، ئەوەی بۆتە مایەی دڵخۆشی بۆ من کارکردنی ژنانی دیکەیە لە بوارە جیاوازەکان، بۆیە داوادەکەم خێزانەکان ببنە هاوکاری کچەکانیان بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان.
 
ئەوەی خەونی من بوە دانانی قاوەخانە و کافێیەکی تایبەت بە خانمان بوە لە کەلار، به‌ڵام دەرفەت رێگەی بەوە نەداوە، بۆیە ئێستا لە هەوڵدام شوێنێکی تایبەت بە شیرینی دابنێم، بەڵام لە ئێستادا لە رێگەی ئۆنلاین و مۆڵەکانەوە شیرینیەکانم دەفرۆشم.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,608     ژمارەی میوان 1051

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە