* نەوژین
لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق، حیزبە کوردییەکان لیستەکانی خۆیان ئاشکرا کردوە، تێیدا دیارە کە ژمارەیەکی بەرچاو لەو پارلەمانتارە ژنانەی پێشتر لە بەغدا یان هەولێر نوێنەر بون، جارێکی دیکە متمانەیان پێدراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە ژنە سیاسەتمەدارەکانیش لەنێوان حیزبەکاندا جێگۆڕکێیان کردوە و لە لیستێکی نوێوە دەردەکەونەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە زۆرترین بەربژێری هەیە، پشتی بە چەندین ژنی دیار و خاوەن ئەزمونی پارلەمانی بەستوە.
ئەشواق جاف: پارلەمانتاری پێشوی پارلەمانی عێراق، ئەمجارە وەک سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی سلێمانی دیاریکراوە، ڤیان دەخیل، کاڤین سەعید و ئیخلاس دلێمی؛ هەرسێکیان پارلەمانتاری ئێستای پارلەمانی عێراقن و لەسەر لیستی پارتی لە پارێزگای نەینەوا دوبارە کاندیدکراونەتەوە، نەجوا کاکەیی: پارلەمانتاری ئێستای پارتییە و لە بازنەی کەرکوک خۆی کاندید کردوەتەوە، نەجیبە نەجیب و خالیدە خەلیل؛ هەردوکیان ئەندامی خولەکانی پێشوی پارلەمانی عێراق بون و لە بازنەکانی دهۆک و نەینەوا جارێکی دیکە خراونەتەوە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن.
یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، هاوشێوەی پارتی، ژمارەیەک ژنی پارلەمانتاری ئێستا و پێشوی بەربژێر کردوەتەوە و هەندێکیانی لە پێگەی سەرۆک لیستدا داناوە.
ئیمان عەبدولڕەزاق، پارلەمانتاری ئێستای پارلەمانی عێراقە و ئەمجارە سەرۆکایەتی لیستی یەکێتی لە پارێزگای دهۆک دەکات، د. نەرمین مەعروف و سروە محەممەد: هەردوکیان ئەندامی ئێستای پارلەمانی عێراقن و لە بازنەی سلێمانی کاندیدکراوەتەوە، دیلان غەفور ساڵح: پارلەمانتاری ئێستای یەکێتییە و لە بازنەی کەرکوک کاندیدە.
بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی هیچ بەربژێرێکی نییە، بەڵام ژنە سیاسەتمەداێکی دیاری پێشوی، لە لیستێکی دیکەوە دەرکەوتوە.
سروە عەبدولواحید: کە پێشتر پارلەمانتاری گۆڕان بو لە بەغدا و ئێستا پارلەمانتاری نەوەی نوێیە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە وەک سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە بازنەی سلێمانی دیاریکراوە.
نەوەی نوێ: جگە لە سروە عەبدولواحید، موژدە مەحمود، کە ئەندامی خولی پێشوی پارلەمانی کوردستان بو، کاندیدی ئەو جوڵانەوەیەیە.
کۆمەڵی دادگەری: نەجیبە لەتیف، کە ئەندامی خولی چوارەمی پارلەمانی کوردستان بو، یەکێکە لە بەربژێرە دیارەکانی ئەو حیزبە.
جیاواز لە حیزبەکان، حیزبی شیوعی کوردستان بڕیاریداوە لیستی نەبێت، بەڵام پاڵپشتی لە بەربژێرێکی ژنی کریستیان بە ناوی ‘سائیرە یوسف’ دەکات کە لەسەر کورسی کۆتای کریستیانەکان لە هەولێر خۆی بەربژێر کردوە.
هاوکات، لە دەرەوەی لیستی حیزبەکان، ژنانی سەربەخۆش هاتونەتە مەیدان. لە هەولێر، ڤینۆس کەریم وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ کێبڕکێ دەکات.