* نەوژین
لە سێ پارێزگای هەرێم، چوار ژن وەک سەرۆک لیستی حزبەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراون، ئەمەش لەکۆی ١٧ سەرۆک لیست.
لە کۆی ١٧ سەرۆک لیستی حزبەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، تەنها چوار ژن پۆستی سەرۆک لیستیان وەرگرتوە، کە دەکاتە کەمتر لە ٢٥%.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست نەوژین کەوتوە، لەگەڵ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکاندا، چوار حزبی سیاسی لە سێ پارێزگای هەرێم، ژنیان وەک کەسی یەکەمی لیستەکانیان دیاریکردوە.
ئەو چوار ژنە هەریەک لە: سروە عەبدولواحید، سەرۆک لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بازنەی سلێمانی، ئەشواق جاف، سەرۆک لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، ژینۆ محەمەد، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی هەولێر، ئیمان عەبدولڕەزاق محەمەد، سەرۆک لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دهۆک.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە پارێزگای سلێمانی شەش لیست، لە هەولێر شەش لیست و لە دهۆکیش پێنج لیستی جیاواز کێبڕکێدەکەن.
بڕیارە رۆژی ١١ـ١١ـ٢٠٢٥ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ دوا وادەبو بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ بون بە پارلەمانتاری خولی داهاتوی ئەنجومەنەکە.