* نەوژین
"ئێمە ١٠٠٪ پشتیوانیی لێ دەکەین”، ئەمە وەڵامی کەناڵی (سی ئێن ئێن) بو بۆ دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەوەی بە زمانێکی زبر و سوکایەتییەوە هێرشی کردە سەر ناتاشا بێرتراند، پەیامنێری ژنی کەناڵەکە، لەبەرئەوەی راپۆرتێکی لەسەر زیانەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، هێرشێکی توندی کردە سەر ناتاشا بێرتراند، پەیامنێری ژنی کەناڵی (سی ئێن ئێن)، ئەوەش لەبەرئەوەی یەکەم کەس بو راپۆرتێکی هەواڵگریی لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئامادەبکات.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ‘تروس سۆشیاڵ’، بە زمانی زبر هێرشی کردە سەر ئەو پەیامنێرە و نوسیویەتی: پێویستە سەرزەنشت بکرێت، دواتر وەک سەگ فڕێ بدرێتە دەرەوە، هەروەک ئەو پەیامنێرە ئەمریکیەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، تۆمەتبار کرد و وتی: ئەو، هەوڵی شێواندنی ئابڕوی فڕۆکەوانەکانمان دەدات کە ئەرکێکی گرنگ و سەرکەوتویان بە وردیی جێبەجێ کرد.
هێرشەکەی ترەمپ تەنها رەخنەگرتن نەبو لە کارە رۆژنامەوانییەکەی، بەڵکو سوکایەتیی کەسیی و رەگەزیی لەخۆگرتبو کاتێک وتی: “روخساری ناتاشا بۆ دەرکەوتن لە شاشە گونجاو نییە."
ئەم هێرشە دوای ئەوە هات ناتاشا بێرتراند، کە پەیامنێرێکی ناسراوە و روماڵی چەندین جەنگی گەورەی کردوە، راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)ـی بڵاوکردەوە سەبارەت بە زیانەکانی هێرشی ١٣ـی حوزەیران بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
لە بەرامبەردا، کەناڵی (سی ئێن ئێن) لە بەیاننامەیەکدا بە توندی وەڵامی ترەمپی دایەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پەیامنێرەکەی دووپاتکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ئێمە بەڕێژەی ١٠٠٪ پشتیوانی لە ناتاشا و راپۆرتە بوێرانەکەی دەکەین. گواستنەوەی زانیاریی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدایە و ئێمە شانازی بە کارە پیشەییەکەیەوە دەکەین.
ناتاشا بێرتراند، تەمەن ٣٣ ساڵ، یەکێکە لە پەیامنێرە دیارەکانی (سی ئێن ئێن) و پێشتر روماڵی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە کردوە، هێرشکردنە سەری بەهۆی کارەکەیەوە و بەکارهێنانی زمانی زبر بەرامبەری، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.