لە ٢٠٢٤ـدا سەرو ١٣ هەزار سکاڵای توندوتیژی تۆمارکراوە؛ مێردەکان ئەنجامدەری سەرەکین

2025/06/28    145 جار بینراوە


* نەوژین

بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی "هاریکاریی یاسایی ژنان"، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە هەرێمی کوردستان سەرو ١٣ هەزار سکاڵای توندوتیژی دژی ژنان و خێزان تۆمارکراوە، راپۆرتەکە کە دەرەنجامی راپرسییەکیشی لەخۆگرتوە دەریدەخات؛ زۆرینەی هاوڵاتیان پێیانوایە توندوتیژیی ‘دەرونی’ باوترین جۆری توندوتیژییە و ‘مێرد’یش بە پلەی یەکەم ئەنجامدەریەتی.

راپۆرتەکە کۆپییەکی دەست نەوژین کەوتوە، تێیدا دەردەکەوێت کۆی گشتی سکاڵاکانی توندوتیژی (١٣،٠١٧) سکاڵا بوە، زۆرترین رێژەی سکاڵاکانیش لە پارێزگا گەورەکان تۆمارکراون، بەشێوەیەک:

لە پارێزگای هەولێر: ٣،٥٩٦ سکاڵا تۆمارکراوە، لە سلێمانی: ٣،٥٢٢ سکاڵا تۆمارکراوە و لە دهۆک (٣،٢٢١) سکاڵا تۆمارکراوە، لە ئیدارە سەربەخۆکانیش، گەرمیان لە پلەی یەکەمە بە (٩١٢) سکاڵا، راپەڕین بە (٨٥٠) سکاڵا دوەمە، سۆران بە (٤٧٩) و زاخۆ بە (٤٣٧) سکاڵا لە پلەکانی دواتردا دێن.

جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن؛ بۆشاییەکی گەورە

یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکانی راپۆرتەکە، ئاماری فەرمانەکانی دەستگیرکردنە. لە کۆی (٢،٤٨٢) فەرمانی دەستگیرکردن کە دەرچوە، تەنها (٣١١) فەرمان جێبەجێکراوە، لە بەرامبەردا (٢،١٧١) فەرمانی دەستگیرکردن جێبەجێ نەکراون، کە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ لاوازیی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی قوربانییان.

توندوتیژیی ئەلیکترۆنی؛ هەڕەشەیەکی بەردەوام

بەپێی راپۆرتەکە، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا (٢٢٦) سکاڵای توندوتیژیی ئەلیکترۆنی تۆمارکراوە، کە زۆرترینیان لە دهۆک بوە کە (١٠٧ سکاڵا) بوە. خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ دیارترین جۆرەکانی ئەم توندوتیژییەن.

راپرسییەک تێڕوانینی هاوڵاتیان دەخاتەڕو

رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان، راپرسییەکیشی ئەنجامداوە کە چەندین دەرەنجامی گرنگی تێدایە:

کێ توندوتیژی دەکات؟، ٤٧.٧%ـی بەشداربوان ‘مێرد’ـیان وەک سەرەکیترین ئەنجامدەری توندوتیژی دیاریکردوە.

چ جۆرە توندوتیژییەک باوە؟ ٤٧.٣% پێیانوایە توندوتیژی "دەرونی" باوترینە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سکاڵا تۆمارکراوەکان زیاتر جەستەیین وەک "لێدان" و "شەڕکردن".

متمانە بە دادگا: ٧٠%ـی بەشداربوان پێیانوایە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە دادگا بە نهێنی نیین، ئەمەش ئاستی متمانەی هاوڵاتیان بە سیستمی دادوەری کەم دەکاتەوە.

بێدەنگی لە ئاست توندوتیژی: هەرچەندە ٥٥%ـی بەشداربوان دەڵێن سکاڵا تۆماردەکەن، بەڵام ٢١.٧% دەڵێن "بێدەنگ دەبن"، کە رێژەیەکی بەرچاوە.

چارەسەر و راسپاردەکان

رێکخراوەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا چەندین پێشنیاز و راسپاردەی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی خستوەتەڕو، دیارترینیان:

هەموارکردنەوەی یاسا: هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی بەجۆرێک کەیسەکان پێش تۆمارکردنی سکاڵا رەوانەی لیژنەکانی ئاشتەوایی بکرێن.

زیادکردنی ژنانی لێکۆڵەر: بە تایبەتی لە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە بۆ ئاسانکاریی زیاتر بۆ قوربانییان.

یەکخستنی کاری لیژنەکانی ئاشتەوایی: بۆ ئەوەی لە هەمو ناوچەکان بە یەک میکانیزم کاربکەن.

بڵاوکردنەوەی هۆشیاری: لەڕێگەی میدیا، سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەکان.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,587,777     ژمارەی میوان 1225

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە