* نەوژین، پەرژین کامەران
١١ ساڵە بێوچان لەڕێگەی چاندنی دار بەڕوەوە، هەوڵی سەوزکردنی چیاکانی کوردستان دەدات، دەڵێت: تەنها لەچیای گۆیژە زیاتر لە هەزار دەنک و نەمامی بەڕوم چاندوە.
ساڕێژ عەزیز، ژنێکی خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە ماوەی ٦ ساڵە لە شاری سلێمانی دەژی، لەو ماوەیە دا زیاتر لە هەزار دەنک و نەمامی بەڕوی چاندوە.
دەڵێت: خۆشەویستیەکی زۆرم بۆ ژینگە و سروشت هەیە، بەتایبەتی حەزم بە داری بەڕوە، تەنها لە گۆیژە نا، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش چەندین بەڕوم چاندوە کە پێموایە بە نزیکەیی دەگاتە ٤ هەزار بەڕو، من نزیکەی ١١ ساڵە کاری ژینگەپارێزی و سەوزکردنی چیاکان دەکەم.
بەڕو، دارێكى ناسراوى كوردستانه بهتایبهت له ناوچه كوێستانییهكان دا. ئهو باڵا دهكات و بهرز دهبێت و لهههندێك كاتدا دهگاته بهرزى ده مهتر. بهرێكى ههیه كه ههر پێی دهوترێت بهڕو و بۆ خواردن و دهرمانى گیایی سودی لێدهبینرێت.
نەوژین دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی بەڕو، پرسیاری لەم خانمە چالاکەی ژینگە کرد، ئەو وتی: بەڕو لای ئێمەی ژینگەپارێزان سیمبولی خۆڕاگری و سەرچاوەیەکە بۆ راگرتنی خاک و خەزنکردنی ئاوی ژێر زەوی، ئهمه جگه لهوهى بە هێمای ژیان چاوی لێدەکرێت، بۆیە زیاتر حەز بە ناشتنی داری بەڕو بە هەمو جۆرەکانی دەکەم، هەربۆیەش هاوڕێیان و دۆستانم نازناوی دایکی بەڕویان لێناوم.
زیاتر وتی: دار بەڕو زۆر خۆڕاگرە، لە بەرامبەر نەخۆشی و بەڵا سروشتیەکان و سەرما و گەرمادا توانای خۆڕاگری زۆری هەیە.
دیمەنی ئامادەکردنی بەڕوەکان بۆ چاندن لەلایەن ساڕێژ و هاوسەرەکەیەوە
بۆ ئهم ئهركهى، هاوسهرهكهى هاوكاریی ساڕێژ دهكات و پێكهوه ئەرکی ئامادەکردنی بەڕوەکان بۆ چاندن و پاشان ئاودان و چاودێرییکردنیان لە ئەستۆ گرتوە.
ئەو دەڵێت: بە یارمەتی هاوسەرەکەم کاری ژینگەپارێزی و چاندنی بەڕو ئەنجامدەدەین، من بەبێ هاوکاری ئەو ئەم ئەرکەم بەتەنها بۆ بەڕێوەنابردرێت، چاندن و ئاودان و چاودێری کردنی نەمامەکان بەهاوکاری هەردوکمان بەڕێوە دەچێت.
لەبەرامبەر ئەو خزمەتانەی بە ژینگەی دەکات، سارێژ دەڵێت: هیوادارم بەم کارانەم توانیبێتم وەڵامێکی بچوکی خزمەتەکانی سروشت بدەمەوە.