سەنا: ئامانجم بە کلتورکردنی شاخەوانیە

2024/06/06    364 جار بینراوە


* نەوژین، هۆزان فەریق

سەنا، کچێکی دانیشتوی قەزای پێنجوێنە لەڕێگەی گروپێکەوە گەشتی شاخەوانی بۆ دانیشتوانی قەزاکە ئەنجامدەدات و دەڵێت:  بەهۆی سودە زۆرەکەی وەرزشی شاخەوانی، دەمەوێت ئەنجامدانی بکەم بە کلتور.

سەنا ئەحمەد، ٢٦ ساڵ، دانیشتوی قەزای پێنجوێنە، ماوەی ساڵێکە گروپێکی شاخەوانی دروستکردوە و لەڕێگەیەوە گەشتی شاخەوانی ئەنجامدەدات.

لەبارەی ئامانج لە دروستکردنی گروپەکەی، سەنا بە نەوژینی وت: ئامانجمە لەژیانی هەر تاکێک وەرزش بکەم بە رۆتین، بە تایبەت کچان و ژنان، تاوەکو بێنە نێو سروشت و ببنە شاخەوان، چونکە سودێکی زۆر بە جەستەیان دەگەیەنێت. 

گروپەکەی سەنا تەنها تایبەت بە کچان و ژنان نییە، بەڵکو لەڕێگەیەوە هەردو رەگەز پێکەوە دەچنە گەشتی شاخەوانی.

وەکخۆی ئاماژەیپێکرد: هەردو رەگەز پێکەوە دەرچونەکان دەکەین، تەنانەت زۆرکات ئەندامەکان بە خێزانی بەشداریدەکەن. 

سەنا، خۆی خاوەنی بڕوانامی بەکالۆریۆسە لە وەرزش و هاوکات وەرزشوانیشە، شاخەوانی بە یەکێک لە وەرزشە زۆر بەسود و گرنگەکان دەزانێت. ‎

وتی: جگە لە سودە زۆرەکەی، شاخەوانی چێژبەخشترین وەرزشە، دەرگایەکە بۆ کۆمەڵایەتیبون، بیرفراوانی، خۆدۆزینەوە و خۆکامڵکردن بۆ روبەروبونەوەی سەختیەکانی ژیان. 

شاخەوانی وەرزشی سەرکەوتن و هەڵگەڕان بە شاخ و چیا بەرزەکانە، بەپێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان شاخەوانیکردن چەندین سودی جەستەیی و مەعنەوی هەیە، وەک: چالاککردنی سوڕی خوێن، بەهێزکردنی ماسولکەکانی لەش، فێربونی ئارامگری و فێربون لە چۆنیەتی گەیشتن بە ئامانجەکان.

وەک سەنا، باسی لێوەکرد: بەهۆی سودە زۆرەکەی وەرزشی شاخەوانی، دەمەوێت لەگەڵ هاوڕێکانم ئەو وەرزشە بکەم بە کلتور، تاوەکو هەمومان بەجارێک هەم جەستەیەکی تەندروست و هەم بیرێکی تەندروستمان هەبێت.

خێزانەکەی پاڵپشتی سەرەکی ئەون، هاوکات پێیوایە ئەو قسانەی دەربارەی کارەکەی دەکرێن شایەنی فەرامۆشکردنن نەوەک گرنگیپێدان.

وتی: بە پلەی یەک خێزانەکەم و پاشان کەسەکانی دەوروبەرم یارمەتیدەرمن لە کارەکەم، ئەو قسە سلبیانەشی لەلایەن خەڵکیەوە بەهۆی کارەکەم لەسەرم دەکرێن، شایەنی ئەوەنیین گرنگیان پێبدەم و فەرامۆشیان دەکەم.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,836     ژمارەی میوان 2311

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە