دو خوشک بەشێک لەماڵەکەیان دەکەنە دوکان و جلی کوردی تێدا دەفرۆشن

2024/05/16    580 جار بینراوە

 

* نەوژین، شیرین ساڵح

دو خوشکی دانیشتوی شاری سلێمانی بەشێک لەماڵەکەیان دەکەنە دوکان و جلی کوردی تێدا دەفرۆشن، دەڵێن: ئامانجمان جگە لە هەبونی ئابوری سەربەخۆ، خزمەتکردنە بە کلتوری کوردی.

شادان و شانیا فاروق، دو خوشکی دانیشتوی شاری سلێمانین، ماوەی نزیکەی ساڵێکە پێکەوە بەشێک لە ماڵەکەیان کردوە بە دوکانی جلی کوردی و وەکخۆیان ئاماژەی پێدەکەن: بەزۆری لەڕێگەی پەیجێکی ئۆنلاین بەناوی (کوژەکە کوردی)ـەوە جلەکانیان دەفرۆشن.

ناوی (کوژەکە کوردی)ـیان هەڵبژاردوە، چونکە ناوێکی کوردەوارییە و لەگەڵ کارەکەیان گونجاوە.

وەک شانیا ئاماژەی پێکرد: هەڵبژاردنی ناوەکە بیرۆکەی من بو، ناوێکی کوردەوارییە و بەواتای مانەوەی کەلوپەلە رەنگ شینەکان دێت.

زۆرێک لە ژنان ئەو کاتەی کە بڕیاردەدەن دەست بۆ کارێک ببەن، توشی رێگری و بەربەست دەبنەوە، بەڵام وەکخۆیان ئاماژەی پێدەکەن، ئەم دو خوشکە توشی هیچ رێگریەک لەلایەن دەوروبەریانەوە نەبونەتەوە.

شادان، لەوبارەوە وتی: کاتێک لەگەڵ خوشکەکەم دەستمانکرد بەم کارە، نەک رێگریمان لێ نەکرا، بەڵکو لە لایەن دەوروبەرەکەمانەوە پشتگیریمان کرا، چونکە جلی کوری کلتوری نەتەوەکەمانە و گرنگیدان بە بابەتی کلتوری نەتەوەیی لەلایەن هیچ کەسێکەوە بەربەستی بۆ دروستناکرێت.

بەزۆری پارچەکان لە دەرەوە داوادەکەن، لەگەڵ کڕیارەکانیش گفتوگۆ دەکەن و پێکەوە رەنگەکان رێکدەخەن.

دەڵێن: جلە کوردیەکان لە شاری دوبەی و چەند وڵاتێکی ترەوە و دەهێنین و هەندێکیشیان هەر لە ناوخۆی کوردستان دەکڕین، لەڕێگەی پەیجەکەمانەوە داواکاریەکان وەردەگرین و لەگەڵ کڕیارەکان رەنگەکان رێک دەخەین، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە لە ئێستا دا گرنگیەکی باش بە جلی کوردی دەدرێت.

شادان و شانیا، ئامانجیان لەم کارە، جگە لە هەبونی ئابوری سەربەخۆ، خزمەتکردنە بە کلتوری کوردی و هێشتنەوەی شێوازە راست و رەسەنەکەی جلی کوردی، هەروەک دەشیانەوێت لەڕێگەی کارەکەیانەوە هانی گەنجان بدەن بۆ پۆشینی جلی کوردی.

پەیامیان بۆ ژنانیش هەیە و جەختدەکەنەوە لەوەی ئابوری سەربەخۆ بۆ ژنان "گرنگترین شتە".

دەڵێن: پەیامی ئێمە ئەوەیە هەر ژنێک بەهرە و توانایەکی هەیە، با لەو بوارەدا کاربکات، چونکە ئابوری سەربەخۆ بۆ ژنان گرنگترین شتە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,949     ژمارەی میوان 2420

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە