نەسرین، یەکەم ژنە کارمەندی تەندروستی لە گەرمیان

2024/05/12    684 جار بینراوە

* نەوژین، تاڤگە کەریم

یەکێکە لە دێرینترین ژنە فەرمانبەرەکانی تەندروستی لە گەرمیان، کە هێشتاش بەردەوامە لە کارکردن، دەڵێت: سەرەتا کە دەستمپێکرد، روبەڕوی رێگری و ئاڵەنگاری زۆر بومەوە.

نەسرین محێدین، لەساڵی (١٩٦١) لە قەرەداغ لەدایک بوە، تاوەکو پۆلی شەشی بنەڕەتی خوێندوە، دواتر لە ساڵی (١٩٨٠) به‌ناونیشانی (عامل فنی) دامەزراوە.

ئەو یەکێکە لە دێرینترین ژنە فەرمانبەرەکانی تەندروستی لە گەرمیان، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە کارکردن.

وەکخۆی دەڵێت: سەرەتا کە دامەزرام، تاکە ژن بوم کە لە بواری تەندروستی کارم دەکرد، بەو هۆیەش روبەڕوی بەربەست و ئاڵەنگاری زۆر بومەوە.

پێشتر لە کەلار، دەربەندیخان و تیلەکۆ خزمەتیکردوە، ئێستاش لە نەخۆشخانەی شەهید شێره‌ی نه‌قیب تایبەت بە ژنان و مناڵ بون بەردەوامی بە خزمەتەکەی دەدات.    

دەڵێت: ئەوکات لە ناحیەی باوەنور دەژیام، بەڵام لە نەخۆشخانەی حکومی لە کەلار کارم دەکرد، بەو هۆیەشی کە تاکە ژن بوم لەنێو نەخۆشخانەکە، نەمدەتوانی لەدوای دەوام لەنێو نەخۆشخانەکە بمێنمەوە، بۆیە ناچار لەماڵی خزمێکم دەمامەوە، کە ئەوەش رێچکە شکاندنێکی گەورە بو بۆ ئەوکات، کە ماڵی کچێک لە شوێنێک بێت و لە شوێنێکی دیکە دەوام بکات.

دەشڵێت: بەو شێوەیە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوم و دواتر بەهۆی نەبونی پەرستاری ژن تاوەکو ئێشکگری بگرن، لەنێو نەخۆشخانەکە خانویان پێدام و هەر لەوێ ئێشکگری شەوانم دەکرد و دەمامەوە.

نەسرین، وەکخۆی دەڵێت، ئەو کارانەی کە کردونی بریتین لە: ده‌رزیکردن، ته‌قه‌ڵ، پاككردنه‌وه‌ی برین و چاره‌سه‌ری سوتاوی، هاوکات دوای بینینی چه‌ند خول و راهێنانێک لەو بوارە دەستی بە یارمەتیدانی ژنان لەمیانی نەشتەرگەری مناڵبونیش کردوە. 

باس لەوەشدەکات ئێشکگری لەلایەن کچانەوە لەم سەردەمە دا زۆر گرنگە.

وتی: هەبونی ستافی ته‌ندروستی كچان لە درەنگانی شەو كرانه‌وه‌یه‌كی باش و خزمه‌تێكی گه‌ورەیە‌ له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی گشتی و تایبه‌ت، ئەوان کە شه‌وانه‌ ئێشكگری ده‌گرن،‌ بۆ نه‌خۆشانی ژن گرنگی زۆری هەیە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,565,669     ژمارەی میوان 2149

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە