نیگار: هەلی کارم بۆ زیاتر لە ١٠٠ گەنج رەخساندوە

2024/04/16    360 جار بینراوە

 

* نەوژین

ماوەی سێ ساڵە پەیمانگەیەکی تایبەتی لە کەلار دامەزراندوە و دەڵێت: لەڕێگەی پەیمانگەکەمەوە هەلی کارم بۆ ١٠٠ گەنج رەخساندوە.

نیگار بەکر، ٤١ ساڵ، ژنێکی دانیشتوی قەزای کەلارە، ماوەی سێ ساڵە پەیمانگەیەکی تایبەتی لە قەزاکە کردوەتەوە.

وەکخۆی بۆ نەوژینی گێڕایەوە: لە ساڵی ٢٠١٥ بیرۆکە و خەونی دامەزراندنی پەیمانگەم هەبو، بەڵام بەهۆکاری تایبەت نەمتوانی دایبمەزرێنم، بەڵام دواتر و دوای پێنج ساڵ توانیم خەونەکەم بەدی بهێنم.

زیاتر وتی: حەزی هەبونی کاری سەربەخۆ هۆکار بو بۆ دامەزراندنی پەیمانگەکە، سەرەتا بۆم قورس بو، بەڵام دواتر بە هاوکاری هاوسەرەکەم و کچەکەم توانیم پەیمانگەکە دابمەزرێنم.

پەیمانگەکەی نیگار بەناوی (کانی گوڵ)ـەوەیە و دو لقی هەیە، لقی یەکەمی لە قەزای کەلارە و لقی دوەمیش لە ناحیەی رزگاریی سەر بە کەلار.

وتی: لەڕێگەی پەیمانگەکەمەوە و لەماوەی سێ ساڵی رابردو دا هەلی کارم بۆ زیاتر لە ١٠٠ کەس رەخساندوە، کە سەرەتا لەلای من دەستیان پێکردوە و بەشێکیان ئێستا لە شوێنانی دیکە کاردەکەن.

زیاتر وتی: تەنها بۆ ئەمساڵ زیاتر لە سی گەنج وەک مامۆستا لەلای ئێمە کاردەکەن.

پەیمانگەی کانی گوڵ، تایبەت بە کردنەوەی خولەکانی زمان و وانەکانی خوێندنگەیە.

وەک نیگار ئاماژەی پێکرد: پەیمانگە هاوکارێکی باشە بۆ دایکان و باوکان تاوەکو کاتی خوێندن کەمتر هیلاک بن لەگەڵ وتنەوەی وانە بە مناڵەکانیان، هەروەک یارمەتیدەری فێرخوازەکانیشە تاوەکو ئاستی زیرەکیان لە وانەکانیان زیاتر بەرەوپێشەوە ببەن.

لە پەیمانگەکەی نیگار لە ماوەی ساڵی رابردو بە هەردو لقەکەی، زیاتر لە ١٠٠ فێرخوازی تەمەن ٤ بۆ ٥ ساڵ ئامادەکراون بۆ چونە خوێندنگە. 

نیگار، هەروەها پلانی گەورەتری بۆ کارەکەی هەیە.

وتی: پلانم هەیە لە داهاتو دا خوێندنگەی ئەهلی بکەمەوە، تاوەکو کەسانی زیاتر سودمەندبن لە کارەکەم.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,367,771     ژمارەی میوان 1066

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە