سارا: دەبێت کچان ئامانجەکانیان لەبەربەستەکانیان گەورەتر بێت

2024/02/11    465 جار بینراوە

 

* نەوژین، شنۆ نوری

سەرەتا یاریزان بوە و دواتر بوە یاریدەدەری راهێنەر و ئێستاش ناوبژیوانە، ئەمە چیرۆکی ژیانی وەرزشی سارایە کە کچێکی دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە.

سارا هیوا، ٢١ ساڵ، فێرخوازی ئامادەییە و دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە، ماوەی ساڵێکە وەک یەکەم کچ لە قەزاکە کاری ناوبژیوانی بۆ یاری تۆپی پێ دەکات.

ئەو چیرۆکی خۆی بەم شێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: سەرەتا لە قوتابخانەوە دەستم بە یاریکردن کرد، دواتر پەیوەندیم بە یانەی وەرزشی دەربەندیخانەوە کرد، پاشانیش بۆ دو یانەی تر یاریمکرد کە ئەوانیش شێروانە و خەڵاتی پێنجوێن بون.

لەدوای یاریکردنی بۆ ماوەی ٣ ساڵ وەک یاریزان، سارا بوە بە یاریدەدەری راهێنەر و پۆستی یاریدەدەری راهێنەری یانەی سەیدسادقی وەرگرتوە.

لەبارەیەوە دەڵێت: ئەو ماوەیەی لەوێ بوم ئەنجامەکانم زۆر باش نەبون، بەڵام ئەزمونێکی زۆر گەورەم وەرگرت.

ئەو ئێستا ناوبژیوانی پلە سێی عێراقە، هاوکات تاکە کچە لە قەزای دەربەندیخان کاری نابژیوانی بۆ یاریەکانی تۆپی پێ دەکات.

وتی: وەرزشکردن وەک یاریزان تایبەت بو و چێژی زیاتری پێدەبەخشیم، بەڵام من سەرکەوتنی خۆمم لەبواری ناوبژیوانی دا بینیەوە و وەک ناوبژیوان بەردەوام دەبم.

خێزانەکەی پاڵپشتی سەرەکی ساران، وەکخۆی دەڵێت: بەداخەوە خەڵکی هێشتا لایان نامۆیە، کچێک وەرزش بکات و رەخنە دەگرن، بەڵام من چونکە خێزانەکەم پاڵپشتمن، گرنگی بە رای کەسانی دیکە نادەم.

لەبارەی ئەو کچانەشی کە بەهۆی رێگری و بەربەستەکانی پێشیان واز لە خەونەکەیان کە بون بە یاریزانە دەهێنن، وتی: بەداخەوە هێشتا ئەو کلتورە ماوەی کە گرنگی بە وەرزشکردنی کچان نەدرێت و پشگیری نەکرێن، بەڵام هیوادارم و دەبێت کچان ئامانجەکانیان لەبەربەستەکانیان گەورەتر ببینن.

سارا، لەئێستا دا سەرقاڵی بەشداریکردنی خولێکە لەیەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (FIFA) کە بۆ کچانی ناوبژیوان کراوەتەوە و خەونی گەورەتری بۆ کارەکەی هەیە.

دەڵێت: دەمەوێت ببمە ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی و بەشداری لە خول و پاڵەوانیەتیە جیهانیەکان بکەم.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,008     ژمارەی میوان 1252

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە