نەینەوا: حزبە کوردیەکان ٢٦ کاندیدی ژنیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەیە

2023/12/06    325 جار بینراوە

 

* نەوژین

سێ لە حزبە کوردیەکان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگاکانی عێراق لە سنوری پارێزگای نەینەوادا دەکەن، ئەوان بەکۆی گشتی (١٠٨) کاندیدیان هەیە و لەو ژمارەیەش (٢٦)ـیان ژنن و چاویان لەبەدەستهێنانی زۆرترین کورسیە.

بڕیارە لەرۆژی (١٨ـی ئەم مانگە) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە (١٥) پارێزگای عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.

لە سنوری پارێزگای نەینەوا و بۆ ئەم هەڵبژاردنە تەنها سێ لە حزبە کوردیەکان (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی سۆسیالت دیموکراتی کوردستان) بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن و هەرسێکیشیان بە لیستی سەربەخۆ بەشدارن.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە سنوری نەینەوا (٥٢) کاندیدی هەیە، لەم ژمارەیەش (١٣)ـیان ژنن، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەهەمان شێوە (٥٢) کاندیدی هەیە، لەو ژمارەیەش (١٣)ـیان ژنن، هاوکات پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش بە لیستێک کە لە (٤) کاندید پێکهاتوە بەشدارە و لەو ژمارەیەش هچیان ژن نیین.
 
بەکۆی گشتیش لە سنوری پارێزگاکە (٦٢٣) کاندید هەن و لەو ژمارەیەش (١٥٧)ـیان ژنن.

ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە (٢٧٥) کورسی پێکدێت، دەبێت لایەنی کەم (٧٥) کورسیان بۆ ژنان بێت، ئەوەش بەپێی پابەندبون بە دەستوری عێراق، کە دەبێت رێژەی (٢٥%)ـی کورسییەکان بۆ کۆتای ژنان دەستەبەربکرێت.

(٢٦) کورسی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ نەینەوا دیاریکراوە، لەم ژمارەیەش ژنان حەوت کورسیان مسۆگەرە.

بەشێوەیەکی گشتیش و بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لیستی كاندیدی هاوپەیمانی و حزبەكان دا، پێنج هەزار و ٩١٩ كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەن: لەو ژمارەیە هەزار و ٦٦٣ كاندیدیان ژنن، كە رێژەی زیاتر لە (٢٨%) پێكدەهێنن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,458     ژمارەی میوان 701

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە