دواین زانیاری دەربارەی ئەو ژنەی لە ناحیەی رزگاری بە خنکان گیانی لەدەستدا

2023/09/10    589 جار بینراوە

 

* نەوژین 

لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردوە، ئەو ژنەی لە ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان بە خنکان گیانی لەدەست دا، خۆی خنکاندوە و لەسەر روداوەکەش هیچ کەس دەستگیرنەکراوە.
 
ئێوارەی هەینی (٨ـی ئەیلول)، لە ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ژنێک بەناوی (خ. ق)، تەمەن (٢٢) ساڵ، بە خنکان گیانی لەدەستدا. 

لەبارەی روداوەکەوە، عادل حەمەساڵح، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە رزگاری، بە نەوژینی وت: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتوە روداوەکە خۆکوژی بوە، (خ) لەماڵی خۆیان خۆی بە پانکەی ماڵەوەیاندا هەڵواسیوە و بەهۆیەوە کۆتایی بە ژیانی هاتوە. 

وتیشی: لەسەر روداوەکە ئیفادە لە دو کەسی نزیکی وەرگیراوە، بەڵام هیچ کەس دەستگیرنەکراوە.

بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رزگاری، ئاماژەی بەوەشکرد: بەپێی چەند بەڵگەیەک کە کەسوکارەکەی خستویانەتە رو، دەرکەوتوە ژنەکە نەخۆشی دەرونی هەبوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە پێشتر هاوسەرگیری کردوە، بەڵام جیابوەتەوە، هاوکات دایکی مناڵێکیش بوە. 

هەربەپێی زانیاریەکان، ئەو ژنە پێشتریش چەند جارێک هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام لەلایەن کەسوکارەکەیەوە رێگری لێکراوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,274,495     ژمارەی میوان 829

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە