دوای دو ساڵ دادگا سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی (ئەوین) دەرکرد

2023/08/23    742 جار بینراوە

 

* نەوژین 

دوای تێپەڕینی دو ساڵ، بەسەر کوژرانی (ئەوین)ـدا، ئەمڕۆ دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژەکەی کە ئامۆزایەکی بو، دەرکرد.

ئەمڕۆ (٢٣ـی ئاب) لە دادگای هەولێر دانیشتنی کۆتایی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی (ئەوین ئەحمەد) کە ئامۆزاکەی بو بەڕێوەچو.

ئەحمەد عوسمان، باوکی ئەوین، رایگەیاند: دادوەر سزای لە سێدارەدانی بۆ تاوانباری بکوژ کە ئامۆزاکەی بو، دەرکردوە.

ئەوین ئەحمەد، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵی دانیشتوی شارۆچکەی تەقتەقی سەر بە قەزای کۆیە بو، دو ساڵ بەر لە ئێستا و لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە لەلایەن ئامۆزایەکیەوە بە دەمانچە کوژرا.

وەک باوکی ئەوین، ئەوکات گێڕایەوە: ئامۆزاکەی چەند جارێک داخوازی ئەوینی کردبو، بەڵام ئەوین وتبوی تاوەکو خوێندن تەواو نەکات، هاوسەرگیری ئەنجام نادات، بەوهۆیەوە ئامۆزاکەی چەند جارێک هەڕەشەی لە ئەوین کردبو.

هەر بەو هۆیەوە و لە رۆژی هەینی (١٨-٦-٢٠٢١) لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە دا، ئامۆزاکەی بە سێ فیشەک کۆتایی بە ژیانی ئەوین هێنا.

هەر ئەوکات، پۆلیسی تەقتەق رایگەیاند: بکوژ کە تەمەنی ٢٣ ساڵە، لە شوێنی روداوەکە دەستگیرکراوە و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەستی پلان بۆ دارێژراو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دا دەکرێت.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,544,755     ژمارەی میوان 175

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە