کوردستان: دەمەوێت ببمە پێشەنگی وەرزشوانانی کوردستان

2023/07/14    1133 جار بینراوە

 

* نەوژین، هۆزان فەریق

شەش ساڵە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانە، بۆ چەندین یانە لە کوردستان و عێراق یاریکردوە، بەشداری لە چەندین پاڵەوانیەتی کردوە و تێیاندا چەندین مەدالیای بەدەستهێناوە.
 
کوردستان بەمۆ ، ‌٢٠ ساڵ، نیشتەجێی شاری سلێمانیە، فێرخوازی قۆناغی سێی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشە لە زانکۆی سلێمانی، یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراقە.

وەکخۆی بە نەوژینی وت: وەرزش و بەتایبەت یاریەکانی گۆڕەپان و مەیدان، حەز و خولیای مناڵیم بو، لە تەمەنێکی کەمەوە دەستم بە یاریکردن کردوە و بۆ هەریەک لە یانەکانی: (سیروانی نوێ، پێشمەرگەی سلێمانی، ئیتیساڵاتی بەغداد و دیجلەی جامیعە ئاشور) یاریم کردوە و لە ئێستاش دا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم.

بەشداری لە چەندین پاڵەوانیەتی نێوخۆی و دەرەکی کردوە، لەبەشێکی زۆری پاڵەوانیەتیەکانیش مەدالیای بەدەستهێناوە.

وتی: شەش ساڵە بەردەوام وەک یاریزانێکی پیشەگەر یاری دەکەم، لەو ماوەیەدا بەشداری زیاتر لە ١٥ پاڵەوانیەتیم لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەدا کردوە و لە زۆرینەشیان دا مەدالیام بەدەستهێناوە.

بەشێک لەو پاڵەوانیەتیانەی دەرەوەی کوردستان کە بەشداری تێداکردون، بریتین لە: پاڵەوانیەتی ئاسیای تازە پێگەیشتوان ساڵی ٢٠١٨ لە وڵاتی تایلەند کە پلەی ١٢ـیەمینی بەدەستهێنا، پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەب تازە پێگەیشتوان ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی تونس کە پلەی ٤ـەمی بەدەستهێنا، پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا تازە پێگەیشتوان لە ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی لوبنان کە تێیدا مەدالیای زیوی بەدەستهێنا، پاڵەوانیەتی عەرەب لە ساڵی ٢٠٢١ لە تونس کە تێیدا مەدالیای برۆنزی بەدەستهێنا، پاڵەوانیەتی نەورۆزجای نێودەوڵەتی لە ئێران کە تێیدا مەدالیای زیوی بەدەستهێنا و ریکۆردێکی نوێی لە یاری ٦٠ مەتری بەربەست بۆ عێراق تۆمارکرد، هەروەها لە پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا کە بەر لە دو مانگ لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەچو و چوار مەدالیای رەنگاوڕەنگ (مەدالیای زێڕ لە ٤٠٠م بەربەست، زیو لە ١٠٠م بەربەست و زیو لە ٤×١٠٠ پۆستە، بڕۆنز لە ٤×٤٠٠م پۆستەی تێکەڵی) بەدەستهێنا و بو بە باشترین یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق.
  
دو کۆتا پاڵەوانیەتیش کە کوردستان بەشداری تێیاندا کردوە، بریتین لە: پاڵەوانیەتی عەرەب لە وڵاتی تونس، تێیدا ٣ مەدالیای رەنگاوڕەنگ (زیو لە ١٠٠م بەربەست، زیو لە ٤×١٠٠م پۆستە و بڕۆنز لە٤٠٠م بەربەست) بەدەستهێنا، هەروەها پاڵەوانیەتی پێشکەوتوانی عەرەب کە لە وڵاتی مەغريب بەڕێوەچو و تێیدا لە یاری ١٠٠ مەتری بەربەست پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

وەرزشکردن کوردستانی وەک کچێک توشی رێگری و ئاستەنگی نەکردوە، بەڵام لەڕوی ماددیەوە توشی کێشە بوە.

وتی: من بەهۆی کچ بونمەوە توش رێگری و بەربەست نەبومەتەوە، بەڵام لە روی ماددی و دەرونیەوە توشی کێشە بوم، بەڵام پێموایە ئەم کێشەیە کێشەیەکی گشتیە و هەمو وەرزشوانەکان بە کچ و کوڕەوە توشی دەبن.

کوردستان، هەروەها ئاستی وەرزشوانە کچەکان بەراورد بە کوڕان بە باشتر دەبینێت.

"ئێمە وەک کچە وەرزشوانە کوردەکان نەک هاوشانی کوڕەکان، بەڵکو لەوانیش باشترین، ئەنجامەکانمان شایەتی ئەوەن، هەروەک ئەوەندەی ئێمە لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقین، ئەوان بە کەمی بانگهێشت دەکرێنە ریزی هەڵبژاردەکەوە". کوردستان وای وت.

وتیشی: وەک کچێک دەمەوێت ببمە پێشەنگی وەرشوانانی کوردستان.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,536,271     ژمارەی میوان 2075

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە