چاوان: کەرەنتینەم کرد بە دەرفەتێک بۆ فێربونی هونەرێکی جیاواز

2023/05/23    877 جار بینراوە

 

*نەوژین، بەنان فاروق

ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی نەخشاندنی تابلۆیە بە بزمار، ئەوەی لە وێنەکێشەکانی دیکەی جیاکردوەتەوە ئەوەیە  تابلۆکانی مۆرکی کوردەوارییان پێوە دیارە، دەشڵێت: ئامانجی گەورەم بۆ کارەکەم هەیە.

چاوان دانا، ٢٨ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانییە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی عەرەبی، بەڵام خولیاکانی جیاوازە لەبڕوانامەکەی، وەک یەکێک لە خانمە دەستڕەنگینەکانی سلێمانی تابلۆ بە بزمار دەنەخشێنێت.

ئەو چیرۆکی دەستپێکردنی بەم شێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: سەرەتای دەستپێکردنم بە تابلۆ دروستکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئەو کاتە پەتای کۆرۆنا بڵاوبویەوە و هەموان کەرەنتینە بوین و بێکار لە ماڵەوە بوین، بەڵام من ئەو ماوەیەم کرد بە دەرفەت بۆ فێربونی ئەم هونەرە، سەرەتا تەنها بۆ حەز و خولیا و کات بەسەبربردن ئەم کارەم دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی چەند کارێکم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە بینیم کەسەکانی دەوروبەرم زۆریان لەلا جوان بو داوایانکرد بۆیان دروستبکەم، لەوکاتەوە دەستم بە فرۆشتنی تابلۆ بە بزمار نەخشاوەکانم کرد.

چاوان، هەمو جۆرە وێنە و نوسینێک بە بزمار دروستدەکات، ئەوەی چاوانی لە وێنەکێشەکانی دیکە جیاکردوەتەوە ئەوەیە تابلۆکانی کوردەوارین و مۆرکی کوردەوارییان پێوە دیارە، وەکخۆی وتی: هەر ئەوەش وایکردوە تابلۆکانم زیاتر بچنە نێو خەڵک و داواکاری زیاتریان لەسەربێت.

سەرباری ئەوەی خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر تابلۆیە، بەڵام هێشتا بەشداری هچ پێشەنگایەکی نەکردوە و پێشەنگای تایبەت بە خۆیشی نەکردوەتەوە.

وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: تاوەکو ئێستا هیچ پێشەنگایەکم بۆ کارەکانم نەکردوەتەوە، چونکە دەمەوێت تابلۆی زیاتر دروستبکەم و ئەو بیرۆکانەی کە هەمە هەموی جێبەجێبکەم، دواتر پێشەنگایان بۆ بکەمەوە، ئەم بیرۆکەیەم بۆ ئەوەیە تاوەکو پێشەنگایەکی جیاواز بێت و زۆرترین کەس بێنە پێشەنگاکەم.

هاوشێوەی زۆرینەی ئەو کەسانەی کاری دەستی دەکەن، گلەی هەیە و پێیوایە خەڵک قەدری کارە دەستیەکان و بەرهەمە نێوخۆییەکان نازانن.

"ئەم کارەم قازانجێکی ماددی کەمی هەیە، ئەوەی وادەکات قازانجێکی باش نەکەین لە کردنی کاری دەستی و هونەری، ئەوەیە خەڵکی قەدری ئەم کارانە نازانن"، چاوان وای وت.

چەند نمونەیەک لە کارەکانی چاوان

 

بۆ دروستکردنی کارە بە بزمار نەخشاوەکانی تەنها چەند شتانێکی سادە بەکاردەهێنێت کە ئەوانیش (پەت، بزمار و تەختەن)، جگە لەوە چاوان هەر بە شێوازی چنین وێنە و نوسین دروستدەکات لەسەر کانڤاس و هەمو جلوبەرگێک.

ئەم کارە کاری یەکەم و تەنها کاری چاوانە، وەکخۆی وتی: جگە لە تابلۆ دروستکردن لە ئێستادا هیچ کارێکی دیکە ناکەم، چونکە لەگەڵیدا زۆر ماندو دەبم، هەندێک لە کارەکانم زیاتر لە ٦٠ بۆ ٧٠ کاتژمێر خەریکیان دەبم.

چاوان، ئامانجی گەورەتری بۆ کارەکەی هەیە، دەڵێت: ئامانجمە لەداهاتودا زیاتر لە بوارەکە بچمە پێشەوە و کاری گەورەتر و باشتر ئەنجام بدەم.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,115     ژمارەی میوان 5246

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە