ئاڤان زیاتر لە هەزار کەسی فێری وەرزشی تایکواندۆ کردوە

2023/05/15    720 جار بینراوە

 

* نەوژین، هێلین عەبدولکەریم

ماوەی پێنج ساڵە وەک راهێنەری تایکواندۆ کاردەکات، هۆڵی تایبەت بە وەرزشەکەی کردوەتەوە و وەکخۆی دەڵێت: لەڕێگەیەوە و بەهاوکاری هاوسەرەکەم تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەسم فێری وەرزشەکە کردوە.

ئاڤان محەمەد، ٣٦ ساڵ، دانیشتوی شاری هەولێر، خاوەنی بڕوانامەی بازرگانی ژمێریاریە، ماوەی حەوت ساڵە دەستی بە وەرزشی تایکواندۆ کردوە، لە ئێستادا بوە بە راهێنەر لە بوارەکەدا و هۆڵێکی تایبەتی بەو وەرزشە کردوەتەوە و چەندین فێرخوازی هەیە. 

ئەو بۆ نەوژینی گێڕایەوە: لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە دەستم بە وەرزشی تایکواندۆ کردوە، لەدوای دو ساڵ لە وەرزشکردن توانیم ببمە راهێنەر و پێنج ساڵە کاری راهێنەری دەکەم، ئێستا خاوەنی سێ پشتێنی رەشی نێودەوڵەتیم.

لەدوای بونی بە راهێنەر بە یارمەتی هاوسەرەکەی هۆڵێکی تایبەت بە وەرزشی تایکواندۆی کردوەتەوە و هەر خۆیشی راهێنەری هۆڵەکەیە، لەنێو هۆڵەکە لە ئێستادا (٢٠٠) فێرخواز بونیان هەیە و رۆژانە راهێنان دەکەن، لەم ژمارەیە (١٢٠)ـیان کوڕ و (٨٠)ـیان کچن.

وەک ئاڤان ئاماژەی پێکرد: لەکاتی هەبونی دەوامی خوێندن دا فێرخواز کەمە، ژمارەی فێرخوازەکانمان لە هاوین و پشوەکان دا زیاتر دەبن.

وتیشی: لەماوەی ئەم پێنج ساڵە دا و بەهاوکاری هاوسەرەکەم زیاتر لە هەزار کەسم فێری وەرزشی تایکواندۆ کردوە.

ئاڤان خاوەنی سێ پشتێنی رەشی نێودەوڵەتییە لەبواری تایکواندۆ دا

پاڵپشتی سەرەکی ئاڤان خێزانەکەین، هەر ئەوانیش بە هۆکاری یەکەمی سەرکەوتنەکانی دەزانێت.

وتی: خێزانەکەم پاڵپشت و هاوکاری سەرەکیمن، بەتایبەت هاوسەرەکەم یارمەتیدەرم بوە لە هەمو سەرکەوتنەکانم. 

وەرزشی تایکواندۆ ھونەرێکی جەنگی کۆریاییە، سەرەتای دروستبونی دەگەڕێتەوە بۆ (٢٠٠٠) ساڵ پێش ئێستا، لە ئێستادا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئەم وەرزشە بونی هەیە و چەندین پالەوانیەتی تایبەتی ساڵانە لەم بوارەدا بەڕێوەدەچن.

ئاڤان لەبارەی سودەکانی ئەم وەرزشەوە وتی: ئەم وەرزشە سودی زۆری هەیە: تەرکیزکردن بەهێز دەکات، متمانە دروستدەکات، هۆکارە بۆ گەشەکردنی جەستە، هۆکارە بۆ باڵا بەرز بون، باڵانسی کێش رادەگرێت، هەروەک باڵانسی خوێنیش جێگیردەکات کە ئەمە بە تایبەت سودی بۆ ئەو مناڵانە هەیە کە توشبوی نەخۆشی شەکرە بون.

ئاڤان باس لەوەدەکات توانیویەتی 5 کچی کورد بگەیەنێتە هەڵبژاردەی کچانی عێراق بۆ یاری تایکواندۆ

لەبارەی ئاماناجی سەرەکیشی لە دروستکردنی هۆڵی تایبەت بەم وەرزشە وتی: ئامانجم دروستکردنی یاریزانی بەتوانایە لەم بوارەدا، هەروەک توانیومە لە ماوەی راهێنەرایەتیمدا پێنج کچی کورد بگەیەنمە هەڵبژاردەی کچانی عێراق بۆ یاری تایکواندۆ، ئەوان ئێستا لە ئامادەکاریدان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی تایکواندۆی ئاسیا کە بڕیارە لە ولاتی کۆریا بەڕێوەبچێت.

وتیشی: جگە لەوە هۆڵەکەمان یەکەم هۆڵە لەسەر ئاستی عێراق کە وەکو رێکخراوێکی مرۆیی کار دەکەین بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و بێ باوکان و مناڵە شەهیدەکان، کەبەبێ بەرامبەر لە هۆڵەکەی ئێمە فێری پەروەردەی وەرزشی دەکرێن.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,470     ژمارەی میوان 815

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە