کچێک لەلایەن باوەژنی و خوشکێکی باوەژنیەوە خرایە روبارێکەوە و خنکا

2023/05/11    469 جار بینراوە

 

* نەوژین 

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لەلایەن باوەژنی و خوشکی باوەژنی لە روباری زێی بچوک خنکێنراوە، هەردو تۆمەتبارەکەش دەستگیر کراون.

پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئاگادار کردنەوەیان لەلایەن ژنێکی ٣٩ ساڵەوە کە دانیشتوی هەولێرە و هاتوەتە قەڵادزێ بۆ سەردانی ماڵی باوکی لەوەی زڕ کچەکەی بێسۆراخە، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردوە و گومانیان لە روداوەکە کردوە.

دەشڵێت: دواتر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ خوشکێکی ژنەکە کردوە کە تەمەنی ١٥ ساڵە و دانی ناوە بەوەی کە پێشنیوەڕۆی دوێنێ لەسەر راسپاردەی خوشکەکەی، کچەکەی بردوە بۆ زێی بچوک لە خاس، بەگەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراخ ئاوەکە پاڵی بەکچەکەوە ناوە و کەوتوەتە ئاوەوە و خنکاوە.

بەوتەی خۆیشی، لەگەڵ خوشکەکەی کە دەکاتە باوەژنی کچە خنکاوەکە، پێشتریش چەندجارێک هەوڵی کوشتنی ئەو کچەیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە.

ئەو کچەی کە خنکاوە، کاتێک تەمەنی (٦) مانگ بوە، لەلایەن پیاوێکەوە هەڵگیراوە و کردویەتی بە کچی خۆی،  کاتێکیش کچەکە تەمەنی بوە بە ٨ ساڵ، پیاوەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنەدا کردوە کە خۆی و خوشکەکەی دوێنێ کچەکەیان خستە ئاوەکەوە.

پۆلیسی راپەڕین باس لەوەشدەکات پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی کچەکە لە ئاوی خاس دەرهێنراوە و رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی.

هەروەک هەردو خوشکە تۆمەتبارەکەش بە بڕیاری بەرێز دادوەر و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عیراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست، راگیراون.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,042     ژمارەی میوان 676

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە