ژنانی هەڵەبجە لەکاتی کارکردندا زۆرترین توندوتیژی ئابوریان بەرامبەر دەکرێت

2023/03/08    469 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە رۆژی جیهانی ژنان دا رێکخراوی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامی راپرسیەکی دەربارەی شێوازی کارکردن و موچە و ئەو توندوتیژیانەی ژنان لە شوێنی کار روبەڕوی دەبنەوە راگەیاند.

ئەمڕۆ (٨ـی مارس) کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان، رێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، بە هاوکاری رێکخراوی تواناسازی ئافرەتان ئەنجامی راپرسیەکی دەربارەی شێوازی کارکردن و موچە و ئەو توندوتیژیانەی ژنان لە کەرتی تایبەت لە شوێنی کارەکەیان روبەڕوی دەبنەوە راگەیاند.

لە راپرسیەکە دا ٤١٧ کەس بەشداربون و تەمەنی بەشداربوان لەنێوان (١٨ بۆ ٦٧) ساڵیدا بوە، ئەنجامەکانی راپرسیەکە بەم شێوەیە بون: 

٢٧%ـی ژنان رۆژانە (٢ بۆ ٤) کاتژمێر کاردەکەن، ٥٦%ـی ژنان (٥ بۆ ٨) کاتژمێر کاردەکەن، ١٧%ـی ژنانیش (٩-١٢) کاتژمێر کاردەکەن. 

دەربارەی شێوازی کارکردنیشان بەپێی راپرسیەکە ٦٨%ـی ژنان لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان کاردەکەن، ٢٢%ـیشیان بە ئۆنڵاین کاردەکەن. 

هەر بەپێی راپرسیەکە ٤٧%ـی ژنان لە هەڵەبجە بە موچەی ( ١٠٠ بۆ ١٥٠) هەزار دیناری عێراقی کاردەکەن، ٢٩%ـیش بە موچەی (١٦٠ بۆ ٢٠٠) هەزار دینار و ٢١%ـیشیان بە موچەی (٢٥٠ بۆ ٣٠٠) هەزار کاردەکەن.

ئەوەی لەنێو راپرسیەکەدا جێی نیگەرانیە، جیاوازی موچەی کارمەندە ژنەکان بەراورد بە کارمەندانی پیاوە، بەشێوەیەک ١٠٠%ـی بەشداربوانی راپرسیەکە وتویانە بەڵێ جیاوازی دەکرێت لەنێوان موچەی ئێمە و بەراورد بە کارمەندانی پیاو ئەوان زیاتر وەردەگرن.

هاوکات لە بەشێکی دیکەی راپرسیەکەدا باس لە ئەو توندوتیژیانە کراوە کە لە کاتی کاردا توشی ژنان لە هەڵەبجە دەبنەوە، بەپێی ئەنجامەکان ژنانی خاوەنکار لەشوێنی کارەکەیان (لەلایەن خاوەنکارەکەوە) زۆرترین توندوتیژی ئابوریان بەرامبەر دەکرێت بەشێوەیەک زۆرترین کار دەکەن بە کەمترین موچە، پاشان توندوتیژی دەرونی و کۆمەڵایەتی.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,368     ژمارەی میوان 12

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە