گەنجترین ژنە سەرۆک وەزیران دەستی لەکار کێشایەوە

2023/01/19    450 جار بینراوە

 

* نەوژین

دوای شەش ساڵ کارکردنی وەک سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا، جاسیندا ئاردرن دەست لەکارکێشانەوەى لە پۆستەکەى راگەیاند و دەڵێت: مانگى داهاتو دەستبەردارى پۆستى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پارتى کرێکارن دەبم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣) جاسیندا ئاردرن، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا و بەچاوی پڕ لە گریانەوە باسی دەستلەکارکێشانەوەی کرد، وتی: مانگی داهاتو دەست لەکاردەکێشمەوە و دەستبەرداری هەردو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی کرێکاران دەبم، هەروەک تاکو بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان لە (١٤ـی تشرینی یەکەم) وەک پارلەمانتار بەردەوام دەبم.

جاسیندا، ٤٠ـەمین سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بو، ئەو لە ئاستی جیهانیدا ستایشی زۆری دەکرا بەهۆی کارەکانیەوە. 

بەشێک لە کارەکانی بریتیبون لە: دابەزاندنی رێژەی بێکاری بۆ کەمترین ئاست، بەرزکردنەوەی رێژەی موچەی فەرمانبەران بۆ بەرزترین ئاست، درێژکردنەوەی مۆڵەتی دایکایەتی و پشتگیریکردنی لە توێژینەوەی زانستی، هاوکات لەکاتی بڵاوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠١٩ بە ماوەی چەند مانگێک توانی ڤایرۆسەکە لە سنورەکانی خۆی بوەستێنێت، بەوەش بو بە جێی سەرنجی زۆرینەی وڵاتە جیهانیەکان.

جاسیندا، کاتێک ساڵی ٢٠١٧ بە سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا تەمەنی تەنها ٣٧ ساڵ بو، بەوەش بو بە گەنجترین ژنە سەرۆک وەزیران لە جیهاندا، هاوکات لەو ماوەیەدا کە سەرۆک وەزیران بو رێگەی دا مناڵی ببێت و کچێکی هێنایە دونیاوە، بەو هۆیەش شەش مانگ کەسێکی دیکەی لە شوێنی خۆی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان.

جاسێندا لەدوای جێهێشتنی پۆستەکەی هیچ پلانێکی دیکەی نیە بۆ دوبارە هاتنەوە نێو سیاسەت.

ئەو وتی: ئەوەی لە توانامدا بو پێشکەشم کرد و لە ئێستادا هیچ پلانێکم نیە، جگە لە پابەندبونم بە خێزانەکەم.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,328     ژمارەی میوان 832

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە