پەیمان پاڵەوانێک لە بەرزکردنەوەی ئاسن و هەڵکشان بەرەو لوتکە

2021/02/17    1675 جار بینراوە
 
نەوژین، محەمەد مەحمود
 
 
”شەش ساڵ پێش ئیستا، کێشم (٨٥) کیلۆگرام بو، بریارمدا وەرزش بکەم بۆ ئەوەی لەشێکی ‏تەندروستم هەبێت، دوای شەش مانگ بوم بە راهێنەری ئەو هۆڵەی سەردانم دەکرد، من ‏بەردەوام بوم تا ئەوکاتەی بڕیارمدا گورپێکی شاخەوانی تایبەت بە ئافرەتانیش دابمەزرێنم“.‏
 
 
پەیمان لەتیف، تەمەن (٥٠)، ساڵ دانیشتوی شاری سلێمانییە هاوسەرگیری کردوە و ‏خاوەنی شەش منداڵە،  رۆژانە لەگەڵ خۆیدا ئەوانیش یاری ئاسن دەکەن.
 
کۆڵنەدان
 
 
پەیمان بۆ نەوژین وتی: ”تا ئێستا کاتم دیاری نەکردوە بۆ وازهێنان تا ئەژنۆکانم هێزی ‏تیابمێنێ ئەچمە شاخ، تاقۆڵیشم هێزی تیابێ یاری ئاسن ئەکەم“.‏
 
 
دەشڵێت: وەرزشکردن زۆر شتی جوانن و پڕمانی فێرکردوم، بەڵام تموحم زۆر زیاترە و ‏هێشا نەگەشتومە ئەوەی خۆم ئەمەوێ. ‏
 
 
پەیمان لەتیف، لەکاتی وەرزشکردن وێنە: نەوژین
 
ئافرەتان بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردو زیاتر رو لە هۆڵەکانی لەشجوانی دەکەن پەیمان، ئەمە ‏دەبەستێتەوە بە کرانەوەی کۆمەڵگا باسلەوەدەکات جاران پیاو رێگری دەکرد، بەڵام ئێستا ‏خۆیان رێنوێنی خێزانەکانیان دەکەن
 
 
 
٣٢٠ گەشتی شاخەوانی
 
 
پەیمان، تەنها وەرزشکردن لە هۆڵە داخراوەکان ناکات بەڵکو گروپی تایبەتی بە ژنان ‏دروستکردوە و تاوەکو ئێستا ٣٢٠ گەشتیان ئەنجامداوە.‏
 
 
پەیمان لەتیف، لەسەر لوتکەی چیایی پیرەمەگرون وێنە: نەوژین
 
 
‏”لە گروپە شاخەوانیەکەمان سەرەتا بەس کچەکەی خۆم بو لەگەڵ دوئافرەتی دیکە، دواتر ‏وامان لێکرد گروپەکە گەورەبێت تەنانەت چوینە ۱۰۰ نەفەر“.‏
 
 
پەیمان، باسلەوەشدەکات ئەوان لە گەشتەکان ئەگەر پێویستی کردبێت شەو ماونەتەوە و گەشتی ‏زۆربەی شاخەکانی کوردستانیشی کردوە”نزیکەی ۳۲۰ گەشتمان کردوەو زیار لە ۳۰ شەو ‏مانەوەمان کردوە، کە کەم ئافرەت دەتوانێ لەشاخ بیکات“.‏
 
 
لە بارەی بەشداری ژنان بۆ گەشتی شاخەوانی ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەم جۆرە وەرزشە ‏هێشتا کۆمەڵگا و خێزان رێگری دەکەن.‏
 
 
گروپە شاخەوانیەکەی پەیمان وێنە: نەوژین
 
سودەکانی وەرزش بۆ ژنان
 
 
وەزشکردن بۆ ئافرەتان بەدەرلەوەی لەش ولارێکی رێکی دەبێت کاریگەری تەندروستی و ‏ئارامی دەرونیشی دەبێت.‏
 
 
پەیمان ئامۆژگاری ئافرەتان دەکات رۆژانە یەک بۆ دو کاتژمێر وەرزش بکەن وکات ‏بۆخۆیان دابینبکەن، بۆ ئەوەی جەستەی رێک بێتەوەو دەرونی ئارام بێت، لەبری ‏بەکارهێنانی کاتی زۆر بۆ سۆشیاڵ میدیاو دراما.‏
 

پەیمان لەتیف، لە گەشتێکی شاخەوانی وێنە: نەوژین

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,401     ژمارەی میوان 262

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە