گەرمیان: یەکێتی دڵنیایی نادات لەدانەوەی پۆستێکی ئیداری بە ژنان

2022/11/21    447 جار بینراوە

 

* نەوژین
 
هەرچەندە پێشتر پۆستی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام دوای دەستلەکارکیشانەوەی، یەکێتی دڵنیایی نادات کە پۆستەکە بە ژنان دەسپێرێتەوە.

پۆستی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری کارگێڕی ماوەی ساڵێکە بەبەتاڵی ماوەتەوە، پۆستەکە لە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و پێشتر لای (سروە محەمەد) بو، بەڵام دوای ئەوەی ناوبراو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتو بو و وەکو پارلەمانتار دەستبەکار بو، تاکو ئێستا هیچ کەس لەشوێنی دانەنراوە.

لەمبارەیەوە ئەکرەم ساڵح، وتەبێژی مەڵبەندی ١١ـی رێکخستنی گەرمیانی یەكێتی رایگەیاند: هێشتا هیچ کەسێک بۆ ئەو پۆستە یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام ژمارەیەک لە ژن و پیاوی کادیری یەکێتی سیڤی خۆیان پێشکەشکردوە.

ئەمە لەکاتێکدایە پۆستەکە پشکی ژنان بوە و بەزۆری دەبێت بە ژنێک بسپێردرێتەوە، بەڵام وەک وتەبێژەکەی مەڵبەند ئاماژەی پێکرد: لەناو ئەو کادیرانەی داواکارییان پێشکەشکردوە ژنیش هەن، بەڵام تاکو ئێستا بڕیار لە یەکلایکردنەوەی هیچ کام لەوانە نەدراوە.

 


* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,866     ژمارەی میوان 220

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە