لەسەر 'دەمەقاڵە' برایەک خوشکەکەی کوشت

2022/11/09    433 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەو ژنەی شەوی رابردو لە سلێمانی لە لایەن برایەکیەوە کوژرا دایکی سێ مناڵە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: براکەی وتویەتی بەهۆی دەمەقاڵێیەکەوە کوشتومە.

بەپێی زانیاریەکانی نەوژین، ئەو ژنەی شەوی رابردو لە گەرەکی تاڤگە بە فیشەکێک کوژرا، دایکی سێ مناڵ بوە و لەماڵی خۆیدا بوە، براکەی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و تەقەی لێکردوە، بەهۆی ئەوەی فیشەکەکە بەر سەری کەوتوە بۆیە دوای مانەوەی بۆ ماوەی نزیکی دو کاتژمێر لە ژێر چاودێریدا گیانی لەدەستداوە.

لەبارەی روداوەکەوە، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: تۆمەتبارەکە ناوی (ر، ب، م)، تەمەن ٢٨ ساڵ، خوشکەکەشی تەمەنی نزیکەی ٣٠ ساڵ بوە، هەردوکیانیش خەڵکی گەڕەکی تاڤگە بون.

وتیشی: تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، وتویەتی: "روداوەکە بەهۆی دەمەقاڵێوە بوە لەسەر کێشەیەک و دواتر تەقەم لێکردوە"، هەروەک لە ئێستادا تۆمەتبارەکە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسەکە بەردەوام دەبێت.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,283     ژمارەی میوان 154

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە