سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە: دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە
2022/10/24
389 جار بینراوە
* نەوژین
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە رەتیدەکاتەوە دەستی لەکار کێشابێتەوە و دەڵێت: لەداهاتودا رونکردنەوە لەبارەی هەمو شتێكهوه دەدەم.
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە و دیاریکردنی جێگرەکەی وەک سەرۆک شارەوانی بەبیانوی ئەوەی کەمتەرخەم بوە بەرامبەر زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵکی گشتی، ئەو لەرێگەی نەوژینەوە دەنگۆکان رەتدەکاتەوە.
کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، بە نەوژینی راگەیاند: دەستم لەکار نەکیشاوەتە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەست لەکارکێشانەوەم دەکەن دورن لەراستیەوە.
وتیشی: "تەنانەت ئەمڕۆش لەشوێنی خۆم دەوامم کردوە".
هەروەک سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا هیچ رونکردنەوەیەک نادەم، بەڵام لەداهاتودا رونکردنەوەی خۆمم لەمبارەیەوە دەبێت.
کوێستان ئەکرەم، ماوەی ٦ ساڵە پۆستی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەی شههیدی پێسپێردراوە و لە (٢٧ـی ئەیلول) بەبیانوی ئەوەی گوایە رێکاری توندی بەرامبەر زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵکی گشتی نەگرتوەتە بەر بۆ ماوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە راگیرا، بەڵام دواتر ئازادکرا.
|