لە درومانی ماڵانەوە بۆ خاوەن براندی تایبەت بەخۆی

2022/10/30    1169 جار بینراوە


* نەوژین

لە درومانیکردن بۆ مناڵەکانی خۆی دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا وەکو یەکەم ژن لە شاری سلێمانی بوە بە خاوەن براندی جلوبەرگی مناڵان، دەڵێت: ئێمەی ژن بەهێزین و خاوەنی بیرۆکە و کاری جوانین.

سۆما رەئوف ئه‌حمه‌د، ژنێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، دایکە و خاوەنی سێ مناڵە،  دەرچوی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی دهۆکە، وەکو یەکەم ژن لە شارەکەدا براندێکی جلوبەرگی مناڵانی بەناوی 'کەتی کیدس' دروستکردوە.

سۆما، باسی سەرەتای دەستپێکردنی بە کاری بەرگدوری بەمشێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: "زۆرم حەز بە کاری بەرگدورینی مناڵان بو، بۆیە زۆرکات بۆ مناڵەکانی خۆمم دەدوری و دیزاینی جوان و جیاوازم بۆ جلەکان دادەنا، کە خەڵکی جلەکانیان لەبەر مناڵەکانم دەبینی دەهاتن و داوایان دەکرد وەکو جلی مناڵەکانی خۆم بۆ مناڵەکانی ئەوانیش بدورم".

نمونه‌یه‌ك له‌ كاره‌كانى سۆما

 

دوای ئەوەی جلەکانی سۆما لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە پەسەند دەکرێن، کارەکانی دەکات بە براندێک و بەناوی براندی "کەتی کیدس" بەشێوەی ئۆنلاین دەست بە فرۆشتنیان دەکات.

دەڵێت: کاتێک بینیم خواست لەسەر جلوبەرگەکانم زۆرە کوالێتی جلوبەرگ و قوماشەکانم باشتر کرد و دەستم بە فرۆشتنیان کرد.

لە ئێستادا هەرچەندە براندی 'کەتی کیدس' کڕیارێکی زۆری هەیە، بەڵام هێشتا هەمو دیزاین و دورینەکانی بەتەنها سۆما خۆی ئەنجامیان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: هیچ هەست بە زەحمەتی ناکەم، ئێمەی ژن بەهێزین و خاوەنی بیرۆکە و کاری جوانین، هاوسەر و مناڵەکانیشم یارمەتیدەرن تاکو کەمتر هەست بەهیلاکی بکەم.


سۆما، تاکو ئێستا بەتەنها لەماڵەوە کارەکانی ئەنجامدەدات و بەردەوام بیرۆکە و دیزاینی نوێ بۆ دورینی جلوبەرگی مناڵان دادەهێنێت.

نمونه‌یه‌ك له‌ كاره‌كانى سۆما

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,000     ژمارەی میوان 5219

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە