سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندی بە باوکی 'ژینا'وە دەکات

2022/09/20    94 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
باوکی ژینا ئەمینی ئاماژە بەوەدەکات کەوا جلەکانی کچەکەی نەشیاو نەبوە بەڵکو باڵاپۆش بوە، دەشڵێت: سەرۆک کۆمار پەیوەندی پێوەکردوم و بەڵێنی پێداوم کەوا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکات.
 
لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ تەلەفزیۆنی روداو، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانوی پابەندنەبونی بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دەڵێت: ئەوکاتەی پۆلیسەکان ژینایان دەستگیرکردوە، ئەو زۆر لێیان پاراوەتەوە و تاکو وازی لێبهێنن، بەڵام ئەوان نەک وازیان لێنەهێناوە بەڵکو زۆریان لێداوە، جگە لەوەش لەکاتێکدا کە گەیەنراوەتە بنکەی پۆلیس دوبارە لێیانداوەتەوە، تاکو لەنێو بنکەکەدا بوراوەتە، بەڵام سەرەڕای ئەوە زۆر لەگەڵی خەمسارد بون و هێندە درەنگ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان بۆ بردوە کە ئەو کاتەی ئۆتۆمبێلەکە گەشتوە 'ژینا' توشی وەستانی مێشک و دڵ بوە.
 
باوکی 'ژینا' لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی 'ژینا'شەوە کە گوایە هۆکار ئەوە بوە جلوبەرگەکەی نەشیاوبوە، وتی: جلەکانی کچەکەم هیچ کێشەیان نەبو، تەنانەت پۆلیس ئێستا خۆشیان دانی پیدادەنێن کە جلەکانی کێشەی نەبوە، کچەکەم مانتۆیەکی لەبەردابو وەکو جلی ژنێکی ٦٠ ساڵە وابو.
 
ئەمجەد ئەمینی، ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پەیوەندی پێوەکراوە و بەڵێنی بەدواداچونی پێدراوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: دیارنیە ئاخۆ بەڕاستی بەدوایدا دەچێت یان نا.
 
هەروەک وتیشی: سەرۆک کۆمار لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا بەڵێنی پێدام کە ئەگەر منیش سکاڵا تۆمار نەکەم، خۆی بەدواداچون دەکات و ئەنجامەکەم پی رادەگەیەنێت.


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 672,375     ژمارەی میوان 23