ناڕەزایەتیەکانی گیان لەدەستدانی ‘ژینا’ دەسەڵاتدارانی ئێران دێنێتە قسە

2022/09/17    532 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای زیادبونی ناڕەزایەتییەکان لە روداوی گیان لەدەستدانی کچە کوردێکی رۆژهەڵات پاش ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنی لەپای پابەند نەبونی بە باڵاپۆشی، دەسەڵاتدارانی ئێرانی لەچەندین رێگەوە کار لەسەر لەقاڵبدانی ناڕەزایەتییەکان دەکەن و سەرۆکی وڵاتەکەش داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکات.
 
ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵ، دانیشتوی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمساڵ لە زانکۆ وەرگیرا بو و بڕیار بو لە زانکۆی ئورمیە درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام لە رۆژی (١٣ـی ئەیلول) بە تۆمەتی پابەند نەبونی بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسەوە لە شاری تاران دەستگیرکرا و رەوانەی گرتوخانە کرا. 
 
بەپێی قسەی کەسوکارەکەی: پێش ئەوەی ببرێتە گرتوخانە لەنێو ئۆتۆمبیلی پۆلیسدا بە توندی لەسەر و جەستەی ژینا دراوە و باری تەندروستی زۆر تێکچوە، هەر بەهۆی ئەوەش توشی جەڵتەی مێشک بوە، دواتر بردرایە نەخۆشخانە و سێ رۆژ لەوێ مایەوە، بەڵام نیوەرۆی رۆژی هەینی (١٦ـی ئەیلول) گیانی لەدەستدا.
 
کەیسی گیانلەدەستدانی "ژینا"، ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، لەکاردانەوەش دا بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردوەتەوە کە وەکخۆی دەڵێت هی ژینایە و لە ناوەندێک دا لەکاتی قسەکردن لەگەڵ کارمەندێکدا جەڵتە لێی دەدات و دەکەوێت.
 
بەڵام ڤیدیۆکە ئاوی بە ئاگری ناڕەزایەتییەکان نەکرد، بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری دۆخەکە، ئیبراهیم رەیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، وەزیری ناوخۆی راسپاردوە لێکۆڵینەوەی ورد لە روداوەکە بکات، هەروەک پزیشکی دادیشی راسپاردوە شێوازی گیانلەدەستدانی ئاشکرابکات.
 
دەستگیرکردنی "ژینا" لەچوارچێوەی هەڵمەتی چڕکردنەوەی چالاکیەکانی حکومەتی ئێرانە بۆ سزادانی ئەو ژنانەی بەبێ لەچک بەسەر شەقام و شوێنە گشتیەکاندا تێپەڕ دەبن، کە ئەویش لەچوارچێوەی هەڵمەتی (نا بۆ حیجابی زۆرەملێ)ـیە کە لە تەموزی ئەمساڵەوە لایەن ژنانی ئێرانەوە راگەیەندراوە.
 
لە هەڵمەتەکەدا ژنان بەبێ لەچک بەسەر شەقام و شوێنە گشتیەکانی وڵاتەکەدا دەڕۆن، هەر بەهۆی ئەم هەڵمەتەوە تاکو ئێستا هەزاران ژنی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون، ئەگەرچی هیچ زانیارییەکی یەکلاکەرەوە بەردەست نییە لەوەی ژینا بەشداریی لەم هەڵمەتەدا کردوە و لەچکی لابردوە، یاخود بەو پاساوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,598     ژمارەی میوان 240

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە