وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سلێمانی: توندوتیژی دژی ژنان کەمی کردوە

2022/09/06    474 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
وتەبێژی بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی سلێمانی دەڵێت: لە حەوت مانگی ئەمساڵ دا رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کەمی کردوە، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیش باوترین جۆری توندوتیژییەکانە.
 
رائید: راز فریا، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان لە سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: "ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵی پارێزگای سلێمانی بەراورد بە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی رابردو کەمی کردوە". هاوکات لەوبارەوە ئامارێکی نەخستەڕو.
 
لەبارەی هۆکارەکانی ئەم کەمکردنەی توندوتیژی، وتی: هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری خەڵک، پێشوتر سکاڵا کەم بو و توندوتیژی زیاد بو، بەڵام ئێستا رێژەی سکاڵاکان زیادیکردوە و توندوتیژی کەم بوەتەوە، ئێستا ژنان لە بچوکترین توندوتیژیدا سکاڵا تۆماردەکەن کە ئەمەش شتێکی باشە و وادەکات توندوتیژیەکانی وەکو: لێدانی توند، کوشتن، خۆکوشتن، سوتاندن و خۆسوتاندن کەم ببێتەوە.
 
وتەبێژەکەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشدا: لە ئێستادا زۆرترین توندوتیژی کە روبەروی کچانی هەرزەکار دەبێتەوە لە رێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیەوەیە، هەروەک ژنانی هاوسەرداریش بەزۆری روبەڕوی توندوتیژی دەرونی دەبنەوە.
 
ئەم وتانەی وتەبێژەکەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارە نافەرمیەکان، رێژەی توندوتیژییە قورسەکان (کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندن) زۆر زیادیکردوە، بەشێوەیەک لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵی پارێزگاکە دا ٧ ژن خۆیان کوشتوە، ٤ ژن کوژراون و ٦ ژنیش خۆیان سوتاندوە، لە کاتێکدا بەپێی ئامارە فەرمیەکانی ساڵی رابردو (٢٠٢١) لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ساڵدا یەک ژن کوژرا بو، ٤ ژن خۆیان کوشتبو و هەشت ژنیش سوتێنرابون یاخود خۆیان سوتاندبو.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,337,384     ژمارەی میوان 914

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە