چیرۆکی ئەو کچە نابینایەی پلەی سێیەمی کوردستانی بەدەستهێنا

2022/07/29    1043 جار بینراوە
 
* نەوژین، سومەیە ساڵح
 
لەدەستدانی بینایی چاوەکانی نەبون بە هۆکارێک تاکو 'سەناریا' بوەستێنن لە گەشتن بە ئامانجەکەی، هەمو رۆژێک هەوڵی تەواوی خۆیدا و توانی لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی دا پلەی سێیەم لە ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت و  دەڵێت: لە داهاتودا دەمەوێت ببمە وەرگێڕ.
 
سەناریا کەمال جەلال، ١٨ ساڵ، دانیشتوی قەزای سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانییە، ئەمساڵ فێرخوازی پۆلی ١٢ بەشی وێژەی بو، سەرەڕای ئەوەی کە نابینا بو، بەڵام توانی کۆنمرەی (٩٨.١٦) بەدەست بهێنێت و ببێتە سێیەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و یەکەمی قەزای سەیدسادق.
 
سەناریا، بۆ نەوژین باسی لە چیرۆکی ژیانی خۆی کرد و وتی: من لە سکماکیەوە نابینام، بەڵام سەرەڕای ئەمە هەمو ساڵ لە خوێندنگە یەکەم بوم، لەگەڵ ئەوەدا زمانی ئینگلیزی دەزانم و خاوەنی چەند شیعرێکم کە بەزمانی ئینگلیزی نوسیومە.
 
خێزانی سەناریا لە پێنج کەس پێکهاتون، باوکی و دو خوشکی دیکەی هاوشێوەی خۆی بەتەواوی نابینان، خوشکێکی بچوکیشی (١٧٪)ـی چاوەکانی نابینان، بەڵام دایکی تاکە کەسی خێزانەکەیانە کەوا دەبینێت.
 

 
سەناریا، لەبارەی خێزانەکەیەوە دەڵێت: ئەوان هەمو شتێکیان کرد تاکو من بە ئامانجەکەم بگەم، بەردەوام یارمەتیدەر و پاڵپشتم بون.
 
بەهۆی ئەوەی نابینایە سەناریا بەتەنها لەرێگەی تۆماری دەنگیەوە هەمو وانەکانی دەخوێند، جگە لە وانەی بیرکاری کە بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە وانەکە بەخشرابو.
 
وەکخۆی دەڵێت: "زۆرینەی رۆژەکان نزیکەی ١٧ کاتژمێر گوێم لە تۆمارە دەنگیەکان دەگرت و دەمخوێند، بەهۆی ئەمەش زۆر ماندو دەبوم، بەڵام بەهۆی ئامانجەکەم کۆڵمنەدا و بەردەوام بوم".
 
لەبارەی ئامانجیشی لەداهاتودا، سەناریا وتی: حەزم لێیە بڕۆمە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی زمان بەشی زمانی ئینگلیزی و دواتر کاری وەرگێڕان بکەم.
 
دوێنێ (٢٨ـی تەموزی ٢٠٢٢) ئەنجامەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی راگەیەندران و بەپێی ئەنجامەکان لەکۆی سێ فێرخوازی یەکەم، هیچیان کچ نەبون، بەڵام لەکۆی ١٣ فێرخواز لە دوەمەکانی بەشی زانستی حەوتیان کچ بون، یەک کچە فێرخوازی بەشی وێژەیش پلەی دوەمی بەدەستهێنا.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,816,541     ژمارەی میوان 1377

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە