کەسوکاری ژنە کوژراوەکەی هەولێر: چەندین جاری تر مێردەکەی ویستویەتی بیکوژێت

2022/07/16    384 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
کەسوکاری ئەو ژنەی دوێنێ لە هەولێر لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا ئاشکرای دەکەن: ژنەکە ویستویەتی لێی جیابێتەوە، دەشڵێن: پیاوەکە چەندجارێکی دیکە ویستویەتی بیکوژێت.
 
دوێنێ (١٥ـی تەموز) لە روداوێکدا لە کۆمەڵگەی شاوێس لە شاری هەولێر پیاوێک لەبەردەرگاری ماڵی خۆیان نۆزدە چەقۆ لە ژنەکەی خۆی دا و کوشتی، دو لە چەقۆکانیش بەر قاچی خۆی کەوت، بەهۆیەوە توشی خوینبەربون بو و هەر لەو شوێنەدا خۆیشی گیانی لەدەستدا.
 
پیاوەکە ناوی 'نیهاد سەعید مستەفا' و تەمەنی ٥٣ ساڵ بو، ژنەکەش ناوی 'ئیخڵاس فازڵ خورشید'ـە و تەمەن ٥٠ ساڵ، پیشەی مامۆستا بو، خاوەنی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵیشن.
 
لەبارەی هۆکاری روداوەکەوە پۆلیسی هەولێر بڵاوی کردوەتەوە و دەڵێت: روداوەکە لە ئەنجامی دەمەقاڵێیەکی نێوانیان بوە، بەڵام کەسوکاری 'ئیخڵاس فازڵ خورشید'، بۆ یەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن لێدوانیان داوە و دەڵێن ئەم دو هاوسەرە پێشوتریش کێشەیان هەبوە و هاوسەری 'ئیخلاس' چەندجارێکی دیکەش ویستویەتی 'ئیخلاس' بکوژێت.
 
لەبارەی هۆکاری کێشەکانیشیان دەڵێن: پیاوەکە بەهۆی بەهەڵە تێگەشتنی لە دینی ئیسلام و توندکردنەوەی زیاد لە پێویست لەسەر خۆی توشی جۆرێک لە نەخۆشی دەرونی بوە، پێش ماوەیەکیش 'ئیخلاس' بەهۆی ئەوە ویستویەتی لێی جیاببێتەوە.
 
هەر دوێنێ پۆلیسی هەولێر وتی: "سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین بۆ گەیشتن بە هۆکاری راستەقینەی روداوەکە و لە ئایندەیەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەینەڕو"، بەڵام تاکو ئێستا هیچ زانیاریەکی دیکەیان لەسەر روداوەکە بڵاونەکردوەتەوە. 
 
بەپێی ئامارە نافەرمیەکان لەمساڵدا ئەمە نۆیەم حاڵەتی کوشتنی ژنانە لە پارێزگای هەولێر تۆماردەکرێت.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,516     ژمارەی میوان 375

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە