ژنە رۆژنامەنوسێکی کورد دەبێتە براوەی خەڵاتی CPJ

2022/07/15    278 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لیژنەی بەرگریكردن لە رۆژنامەنوسان (CPJ) ناوی ئەو رۆژنامەنوسانە ئاشکرا دەکات کە بون بە براوەی خەڵاتەکانی لیژنەکە بۆ ئەمساڵ، یەکێکیان ژنە رۆژنامەنوسێکی کوردە.  
 
دوێنێ (١٤ـی تەموز) لە بڵاوکراوەیەکدا لیژنەی بەرگریكردن لە رۆژنامەنوسان (CPJ) رایگەیاند: وەک ڕێزلێنان لە پابەندبونیان بە ڕاپۆرتکردنی سەربەخۆ بەرامبەر تەحەدای بێئەندازەی وەک: سەرکوتکردنی حکومەت، دەستدرێژی و زیندانیکردن، چوار رۆژنامەنوس وەک وەرگری خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠٢٢ـی CPJ دەستنیشانکراون.
 
ئاشکراشیکردوە: سێ لەو رۆژنامەنوسانە ژنن و بریتین لە: نیاز عەبدوڵڵا دانیشتوی (کوردستانی عێراق)، سێڤگیل موسایێڤای ئۆکرانی و فام ترانگی ڤێتنامی.
 
هاوکات لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە 'نیاز عەبدوڵڵا' لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: ئەم خەڵاتکردنە بەشێكە لە بەرگریكردن لە بەهاكانی ئازادی رۆژنامەنوسی و رێزگرتن لەو رۆژنامەنوسانەی سەرەڕای بەربەستە سەختەكانی بەردەم كاری رۆژنامەوانییان كۆڵیان نەداوە و بەردەوامن.
 
بڕیارە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەکان لە مانگی ١١ـی ئەمساڵ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

 

 



Newjin.net - 2022
ژمارەی سەردان 768,852     ژمارەی میوان 30

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە