رەخنە لە کۆبونەوەکەی سەرۆکی حکومەت و بەرپرسی دەزگا میدیاییەکان دەگیرێت

2022/06/21    389 جار بینراوە
 
* نەوژین 
 
لە کۆبونەوەی دوێنێی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سه‌رنوسه‌ر و به‌رپرسانی دەزگاکانی راگەیاندن لە کوردستان، تەنها یەک ژنە رۆژنامەنوس بەشدار بو، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستایا ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنوس و میدیاکاری ژن لە دەزگا راگەیاندنەکاندا بونیان هەیە.
 
لە بارەی بەشداری نەکردنی رۆژنامەنوسی ژن لە کۆبونەوەکەدا، ئەرسەلان رەحمان، رۆژنامەنوس، لە پەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: له‌ كاتێكدا یه‌كێك له‌ ستراتیژه‌كانی حكومه‌ت به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی ره‌گه‌زییه‌، هه‌ق وابو سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌مویان روبه‌ڕوی ئه‌و پرسیاره‌ بكاته‌وه‌، بۆچی میدیای ئێمه‌ میدیایه‌كی پیاوانه‌ی خاڵی له‌ ده‌ركه‌وتنی ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ژنانه‌، توندوتیژی دژی ژنان ده‌بێت لێره‌وه‌ كار بۆ بنه‌بڕكردنی بكرێت.
 
هەروەک پێشیوایە بەشداری نەکردنی ژن لە کۆبونەوەکەدا هۆکارەکەی پیاوانی نێو دەزگا راگەیاندنەکانن کە نەیانهێشتوە ژنانی نێو دەزگاکەیان بەشداربن.
 
ئەو رۆژنامەنوسە بۆ نەوژین وتی: "ئه‌و پیاوانه‌ی له‌وێ بون، زۆربه‌یان زیاتر له‌ چه‌ندین ژن له‌ ده‌زگاكانیان كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ ژنێكیان پێنه‌گه‌یاندوه‌ تا بتوانێت ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی میدیایی بگرێته‌ ئه‌ستۆ و به‌شدارییه‌كی راسته‌قینه‌ی هه‌بێت له‌ ناوه‌ندی بڕیاری میدیایی ده‌زگاكه‌یدا، ته‌نانه‌ت نه‌یانیش ویستوه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ كیس خۆیان بده‌ن و ژنێك نوێنه‌رایه‌تیی ده‌زگاكانیان بكات، چونكه‌ هێشتا ره‌نگه‌ پێیان نه‌نگی بێت، تا خۆیان هه‌بن، ژنێك نوێنه‌ریان بێت".
 
لە کۆبونەوەکەدا نزیکەی ٣٠ رۆژنامەنوس بەشدار بون، مەبەست لە کۆبونەوەکەش وەک سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا، ئەنجامدانی گفتوگۆی راشکاوانە بوە لەگەڵ راگەیاندن بۆ بەرچاوڕونی و خستنەڕوی زانیاری و رونکردنەوەی هەڵوێستی حکومەت لە بارەی چەند بابەتێک.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,882     ژمارەی میوان 5147

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە